دووەم پاسەوانی هێرشە چەکدارییەکەی بانە گیانیلەدەستدا

دووەم پاسەوانی هێرشە چەکدارییەکەی بانە گیانیلەدەستدا

پاسەوانێکی دیکەی سنوور کە لە هێرشە چەکدارییەکەی سەر خاڵی سنووریی هەنگەژاڵ بریندار بووبوو، گیانیلەدەستدا.

فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانلەدەستدانی ئەو پاسەوانە سنوورییەی ئێرانی پشتڕستکردووەتەوە.

محەمەد عارف سپهەری، فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای سنە رایگەیاند: ئەو پاسەوانەی گیانیلەدەستداوە، ناوی جەلال ئیعتیمادە، کە لە سنووری هەنگەژاڵی بانە ئەرکی بینیوە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە.

سپهەری دەڵێت: پزیشکەکان زۆر هەوڵیانداوە بۆ رزگارکردنی ژیانی ئیعتیماد و لەم چەند رۆژەدا چەندین نەشتەرگەرییان بۆ کردووە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەی و هەستیاریی شوێنی پێکانەکەی، گیانیلەدەستداوە.

فەرماندەی سەرسنووری پارێزگای سنە راشیگەیاند: جەلال ئیعتیماد خەڵکی شاری قورەوە بووە، خێزاندارە و خاوەنی کچێکە.

درەنگانی شەوی 2ی ئایاری 2024 هێرشێکى چەکداریی کرایە سەر خاڵێکى سەربازیی سنووریى لە ناوچەى هەنگەژاڵى بانەى رۆژهەڵاتی کوردستان، بەو هۆیەوە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان گرووپەکە و سەربازانی خاڵە سنوورییەکە روویداوە لە کاتی هێرشەکە سەربازێک کوژراوە و سێی دیکەش برینداربوون.