سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی بریتانیا کرد

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی بریتانیا کرد

سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی دیكە ئاڵۆگۆڕ كرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27/3/2024 لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ستیڤن هیچن، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاڵۆگۆڕ كرا، پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردن سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەر لە 1991ـەوە پارتی دەستپێشخەری هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی بووە و هەمیشەش لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی یەكەمی هێناوە. ماوەی دوو ساڵە كە هەڵبژاردنەكان بە بیانووی جۆراوجۆری سیاسی و هاندانی دەرەكی دوا دەخرێت، ئێستاش كە بە بڕیاری سیاسی دادگای فیدراڵی و بەپێی ئەجێندای دەرەكی، دەسكاریی یاسای هەڵبژاردن كراوە، ئینجا دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت، ئێمە خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین، بەڵام دوور لە دەستتێوەردانی دەرەكی و بڕیارە سیاسییە مەبەستدارەكانی دادگای فیدراڵی كە ئامانج لێی شكاندنی پارتی بێت.

سەرۆك بارزانی ڕاشیگەیاند : "ئێمە ناچینە ژێر باری بڕیاری نادەستووریی دادگای فیدراڵی كە تێیدا دادگا خۆی خستووەتە جێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن، هەروەها ئەوەشی دووپات كردەوە كە تێبینی و داواكارییەكانی پارتی یاسایی و لە چوارچێوەی دەستوور و لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ڕاست و ڕەوا و بێگەردە."

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر سیاسەتی برسیكردن و بڕینی بودجەی خەڵكی كوردستان و جەختی كردەوە: "ناكرێ مامەڵەی سیاسییانە لەگەڵ بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان بكرێت بۆ لاوازكردن و شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان"، بە پێویستیشی زانی كە چارەسەرەكی یەكلاكەرەوە بۆ بابەتی بودجەی هەرێمی كوردستان دابنرێت.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە: "ئێمە پشتئەستوورین بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلەكەمان، هەرێمی كوردستان بە خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستان دروست بووە، نەك بە بڕیاراتی دەرەوەی ئیرادەی گەلی كوردستان."

هەر لەو دیدارەدا، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستا، بە بایەخەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و پاڵپشتیەتی، لەگەڵ هەرێمی كوردستانی بەهێز و سەقامگیردایە. باسی لەوەش كرد كە ڕۆڵی پارتی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان گرنگە و پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا بەبێ ڕۆڵی پارتی پڕۆسەیەكی كامل نابێت و دەیانەوێ یارمەتیدەر بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

باڵوێزی بەریتانیا ڕاشیگەیاند: "لە نیگەرانییەكانتان تێ دەگەین و بۆیە لێرەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن بەشدار و هاوكار بین بۆ چارەسەری كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و بێگەرد."