لە رۆژێكدا ئێران نۆ بەندکراوی لەسێدارە دا

لە رۆژێكدا ئێران نۆ بەندکراوی لەسێدارە دا

لە رۆژێكدا ئێران، نۆ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان و بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج و چابەهار لە ئێران لەسێدارە دران.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21/4/2024، بەپێی زانیارییەكان، ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر پێنج بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان جێبەجێ كردووە، چوار لەوانە ناسنامەكانیان ئاشكرا بووە، ئەوانیش: ئەحمەد ڕەزا میری، تەمەن 34 ساڵ خەڵکی زابۆل، شەمسەددین کشانی تەمەن 53 ساڵ، شەوکەت شەهبەخش هەردوویان خەڵکی زاهیدان و بەندکراوێکی کورد بە ناوی جەمال مەردانی تەمەن 54 ساڵ، خەڵکی میاندواو.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی، ئەو پێنج بەندكراوە رۆژی هەینی، گواسترابوونەوە بۆ ژووری تاكەكەسی، دوێنێش دوادیداریان لەگەڵ بنەماڵەكەیان ئەنجام دابوو.

لەو چوارچێوەیەدا، دوو بەندکراوی بەلووچ، بە ناوەکانی سەعید جەدگاڵ تەمەن 30 ساڵ ، محەممەد ئەنجەم ڕووز تەمەن 33 ساڵ و هەردوو خەڵکی شارۆچکەی پلانی شاری دەشتیاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە بەندیخانەی ناوەندیی چابەهار، سزای لەسێدارەدانیان بەسەر جێبەجێ كرا.

ڕێکخراوەكانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە، هاوكات سزای لە سێدارەدان بۆ دوو بەندکراو بە ناوەکانی عەلیڕەزا شەهباز تەمەن 38ساڵ خەڵکی تاران، عەبدولباری پەشتوو خەڵکی ئەفغانستان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەر دا سەپێنرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کراوە. ئەو دوو بەندکراوە کە هەردووكیان خێزاندارن و خاوەن منداڵن.