محەمەد شوکری زانیاری له‌ باره‌ی کۆڕبەندی ئابووری ھەرێم و ھەنگاریا ده‌خاته‌ڕوو

محەمەد شوکری زانیاری له‌ باره‌ی کۆڕبەندی ئابووری ھەرێم و ھەنگاریا ده‌خاته‌ڕوو
پەیامی کورد   ...   محەمەد شوکری زانیاری له‌ باره‌ی کۆڕبەندی ئابووری ھەرێم و ھەنگاریا ده‌خاته‌ڕوو

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ووتی، کار دەکەین بۆ ئەوەی کۆڕبەندێکی ئابووری لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ھەنگاریا ئەنجام بدرێت، بە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندی زیاتر لە بواری ئابووری و بازرگانی و وەبەرھێنان. دەشڵێ، ھەنگاریا ئامادەیی نیشان داوە لە چەند بوارێک دا لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن و ئێمەش ئاسانکارییان بۆ دەکەین.

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆنسووڵی تازەی ھەنگاریا گفتوگۆمان کردووە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە بواری وه‌بەرھێنان و ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بۆ ئەو مەبەستەش باسی ئامادەکارییەکان کرا بۆ ڕێکخستنی کۆڕبەندێکی ھاوبەشی ئابووری و بازرگانی و وەبەرھێنان لە نێوان وەبەرھێنەر و سەرمایەدارانی ھەنگاریا و ھەرێمی کوردستان، بۆیە بڕیار درا ھەنگاوی پێویست بنرێت بۆ ئەوەی ئەو کۆڕبەندە ئەنجام بدرێت.

محەمەد شوکری ووتیشی، ئێمە ئێستا لە سەرەتای درووستکردنی پەیوەندی باشترین لەگەڵ ووڵاتی ھەنگاریا و کۆنسووڵی ھەنگاریاش زۆر ھاوکارە بۆ ئەوەی پەیوەندی ئابووریمان زۆر باش بێت، بۆیە ئەوەش کاتی پێویستە و ئێستا لە قۆناغی ئاڵوگۆڕی زانیارین لەبارەی دەرفەتەکانی وەربەرھێنان و ئامادەیی یان دەربڕیوە.

ئەم بابەتە 6 جار خوێندراوەتەوە