ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

پەیامی کورد ... ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران، مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان دا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بە تووندترین شێوە، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم شەرمەزار کرد، کە زیانێکی زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووری و ووزەی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات، ئەرکی خۆی بەجێ بگەێنێت بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابندرێت و ڕێکاری یاسایی بەرانبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتە بەر.
هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی تەوەر و بابەتی کۆبوونەوەکە کرد، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانووستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، وردەکاری ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابین کردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرانبەردا حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
ئەم بابەتە 32 جار خوێندراوەتەوە




