ووتەبێژی حکوومەت باسی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنهكه و ناردنی مووچەی کرد

پەیامی کورد ... ووتەبێژی حکوومەت باسی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنهكه و ناردنی مووچەی کرد
ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەێنێت، لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەدا ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و بەغدا دەست بە ناردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران دەکات.
پێشەوا ھەورامانی، ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، "بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە داھاتی ناوخۆ ١٢٠ ملیار دینار بۆ حکوومەتی عێراق ڕەوانە بکات و بۆ ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانیش، بە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە ڕادەست دەکرێت.
ووتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتیشی، "لە بەرامبەر ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیکات، حکوومەتی عێراقیش بەپێی ھەمان ئەو ڕێککەوتنەی ئەنجام دراوە، ئەوانیش لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەدا مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەن و دواتریش ڕێوشوێنی پێویست بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەگرینە بەر، بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دابەش بکرێت.
ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ڕێککەوتوون لەبارەی ڕادەستکردنی داھاتی ناوخۆ و ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و بەغداش مووچە ڕەوانە بکات، کە بڕیارە دوای پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەم ھەفتەیەدا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و مووچە ڕەوانە بکرێت.
ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە




