ووتەبێژی حکوومەت : پابەندین بە هەرچی یاساوە بۆمان دیاری کراوە بێ زیاد و کەم

پەیامی کورد ... ووتەبێژی حکوومەت : پابەندین بە هەرچی یاساوە بۆمان دیاری کراوە بێ زیاد و کەم
چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، پێشەوا هەورامانی، ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند بەرچاوڕوونییەکی لەبارەی پرسی نەوت و مووچە بڵاوکردەوە، کە ئەمانەن:
1. لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، 48 کاتژمێر مووڵەت دراوەتە بە وەزیری نەوتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
2. کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت ڕەزامەندییان دەربڕیوە کە بەپێی یاساکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دەستبەرداری داواکارییەکانیان بوون بۆ پاراستنی مافەکانیان بەپێی یاسا بیانییەکان.
3. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە نووسراوی فەرمی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ڕادەست کردنی بەشە نەوتی خۆی بە کۆمپانیای سۆمۆ.
4. پێویستە لەگەڵ ڕادەستکردنی نەوتدا، مووچەی مانگی 7 و مانگەکانی دواتری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
5. لە بنەڕەت دا، هیچ کام لەم ڕێوشوێنانە پێویست نەبوون. هیچ هۆکارێک نییە بۆ نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان. ئەگەر تەنها یاساکانی بودجە، یاسای کارگێڕی دارایی و دەستوور بکرێنە ناوبژیوان، هیچ پاساوێک نامێنێت بۆ خەرج نەکردنی مووچە، بەتایبەتی لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی. حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییەکان و ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و نەناردنی مووچە بێ پاساوە.
6. ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت و ڕۆژانە بڕی 233 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت. دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە خزمەتی دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.
7. هەموو هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم و جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو ئەوەدایە کە هیچ مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت. سەبارەت بە داهاتی ناوخۆش، هەرچی یاسا بۆی دیاریکردووین، بێ زیاد و کەم پابەندین پێوەی.
ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە




