هەماهەنگیی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە هەرێمی کوردستاندا

حەشدی شەعبی رێکخراوێکی دژ بە کورد/کوردستانە. بۆ کوردەکان داعش چی بێت، حەشدی شەعبیش هەر هەمان شتە. دەکرێ بگوترێت کە حەشدی شەعبی رێکخراوێکی یەکپارچە نییە و زۆرێک لە باڵی جیاواز لە نێویدا هەن. بەڵام تایبەتمەندیی هاوبەشی هەموویان دژایەتیکردنی کورد/کوردستانە.

پەکەکە بە ئەنجامدانی هەماهەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبی هەوڵدەدات دەستکەوتەکانی کورد تێکبدات و  قەوارەی هەرێمی کوردستان بشێوێنێت. ئەو رێکخراوەی لە کۆتاییەکانی 1970'کاندا بە ئامانجی کوردستانێکی یەکگرتووی سەربەخۆ کەوتەڕێ، ئێستا گەیشتووەتە ئەم خاڵەی ئێستا. تێکدانی دەستکەوتەکانی کورد و شێواندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەوڵی لەناوبردنی...روون و ئاشکرایە کە ئەمە ویستی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریایە.

یەکەم؛ ئاژانسی ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان 8ی تشرینی یەکەمی 2020 رایگەیاند کە غازی ساڵح، بەڕێوەبەری خاڵی گومرگیی سەرزێڕێ لەلایەن پەکەکە/کەجەکەوە کوژراوە. 

دووەم؛ 1ی تشرینی دووەمی 2020 هێرشی کردە سەر ئەو بۆرییەی کە نەوت بۆ جەیهان دەگوازێتەوە. لە ئاکامدا بۆرییەکەی تەقاندەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە رۆژانە 10 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە. ئەمە کارێکە تەنیا ئەو هێزانە ئەنجامیدەدەن کە دوژمنی کوردن. روونیشە کە چواردەوری کورد/کوردستان بە هێزەکانی دوژمنی کورد دەوردراوە. 

سێیەم؛  پەکەکە/کەجەکە رۆژی 5ی تشرینی دووەمی 2020 لە چەمەنکە هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە کە هێرشەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەک و برینداربوونی سێ پێشمەرگەی دیکە. هەموو ئەمانە لە کام کۆمەڵگە، کام ناوەندی سیاسی و رۆحیدا روودەدەن؟ لەو شوێنەدا روودەدەن کە مەسعود بارزانی تێیدا گوتوویەتی:"شەڕی نێوان کوردەکانمان لە خۆمان حەرام کردووە''، لەو شوێنەی کە بە پێداگرییەوە داکۆکی لەسەر ئەم پرەنسیپە دەکرێت، ئەمانە روودەدەن.

 چوارەم؛ لە سەرەتاکانی کانوونی یەکەمی 2020 بەدواوە لە ژێر دروشمی 'مووچەمان دەوێ' لە سلێمانی و شارۆچکەکانی سەر بە سلێمانیدا خۆپێشاندان رێکدەخرێت. بینا حزبییەکان و بە تایبەتیش بینای پارتی دیموکراتی کوردستان دەسووتێنرێن. دەبینرێت کە پەکەکە/کەجەکە لە ناوچەکانی وەکو سەیدسادق، پیرەمەگروون، تەکیە، خورماڵ، پێنجوێن، راپەڕین، گەرمیان وەکو هێزێکی هاندەر بۆ پشێوی دروستکردن کاردەکات. لە هەندێک شوێندا سووتاندنی بارەگای پارتی بە بەر چاوی ئاسایشی سلێمانی ئەنجامدراوە. لەکاتێکدا ئاشکرایە کە جێکەوتی ئەنجامدانی خۆپێشاندان بۆ مووچە سلێمانی نییە، بەڵکو بەغدایە.

پێنجەم؛ رۆژی 10ی کانوونی یەکەم لە دۆکان بەهۆی هێرشەکانەوە پێشمەرگەیەک شەهید بوو. لەبارەی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک لە پێنجوێن هێرش مەلا خدر لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە گوتی:" ئەو پێشمەرگەیە بە نیشان شکێن شەهیدکراوە. هیچ یەک لە خۆپێشاندەران نازانن ئەم جۆرە چەکە بەکاربهێنن. بەڵام لەو ناوچەیەدا هێزەکانی پەکەکە و پژاک هەبوون. گومانم لە ئەوان هەیە".. بەرپرسی یەکێتی: کاتی ئەوە هاتووە یەکێتی چاو بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکەدا پخشێنێتەوە. لەم هەواڵەی کە بەم مانشێتە بڵاوکراوەتەوە (نەرینا ئازاد، 13 کانوونی یەکەم 2020)

شەشەم؛ میدیای پەکەکە بە ئاشکرا بانگەوازی رووخانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات.

`... میدیای پەکەکە لە پەرلەمانی کوردستاندا پشتیوانیی ئەوانە دەکات کە دژایەتیی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن و پشتیوانیی بەغدا دەکەن. هاوکات ئەو هەواڵانە بڵاودەکاتەوە کە تێیدا بە ئاشکرا بانگەوازی رووخانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە ئەمەش جێی سەرنجە. سەرچاوەکانی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان نیشانیاندا کە دەمامکدارەکانی خۆپێشاندانەکان پەکەکەن و ئامانجیان زیاتر جۆشاندن و نانەوەی پشێویی زیاتر و کاری تێکدەرانەیە.  

لە زۆرێک شارۆچکە و ناحیەی سەر بە سلێمانیی هەرێمی کوردستان کە رووداوەکان گرژییان تێکەوت، چەندین بینای پارتی دیموکراتی کوردستان، بینای دام و دەزگاکانی حکومەت، ئەرشیفی تاپۆ، کۆگا، هۆبەی هاتوچۆ، قایمقامیەت و چەندین ماڵ لەو ناوچانە کرانە ئامانج.

ئەمە جێی سەرنجە کە لە نێو ئەو خۆپێشاندانانەدا گرووپی گەنج و منداڵی دەمامکداری وەهای تێدابوون کە هیچ پەیوەندییەکیان بە فەرمانبەران و بابەتی مووچەوە نەبوو.

ئەوەش دەبینرا کە میدیای پەکەکە رووداوەکەی زیاتر گەورە دەکردەوە و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و مانشێتی هاندەر بۆ گێرەشێوێنی، حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەکردە ئامانج. بەتایبەتی لە هەواڵە کوردی/سۆرانی زاراوەکانیدا خەڵکی باشووری کوردستانی هاندەدا بەوەی رق و تووڕەیی خۆیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربکەن نەک بەغداد.

لەمبارەیەوە سیاسەتمەداری کورد عوسمان ئۆجەلان کە بۆ باس نیوز قسەیکرد، رایگەیاند کە پەکەکە دەیەوێ ئەو سیاسەتە لە سلێمانی پەیڕەوبکات کە لەڕێیەوە لە باکووری کوردستاندا هەرەسی هێناوە و گوتیشی:"ئەو ئەزموونەی پەکەکە هەڵەیە کە لە رابردوودا لەڕێیەوە شکستی هێنا. بەمجۆرە نە پەکەکە سەرکەوتوو دەبێت و نە دۆخی هەرێمی کوردستان چاکدەبێت. ئەمە قەبووڵکراو نییە کە سلێمانی بکرێتە قوربانی".

جەمال عەبدوڵا نووسەر و رۆژنامەنووس  گوتی بەڵگە هەیە لە سەر بەشداریکردنی پەکەکە لە خۆپێشاندانەکانی سلێمانی و هاندانی گەنجان بۆ پەلاماردانی زیاتر و سووتاندنی بینای پارتەکان و حکومەت.

جەمال عەبدوڵا بەمجۆرە بەردەوام بوو لە قسەکانی :"پەکەکە لەڕێی میدیاوە بە ئاشکرا گێرەشێوێنی دروستدەکات و بانگەواز بۆ دروستکردنی پشێوی دەکات".

ئەوانەی هاوبەشییان لەم کارە چەپەڵەی پەکەکەدا کرد، کاتێک بە گەورەیی رووداوەکانیان زانی، ترسێکی گەورە دایگرتن.

جەمال عەبدوڵا کە بە پێویستی زانی ئەو پارتانەی دۆستایەتییان لەگەڵ پەکەکە هەیە، چاو بە پەیوەندیی نێوانیان لەگەڵ پەکەکەدا بخشێننەوە گوتیشی:"ئەو پارتەی بە دۆستی خۆیانی دەزانن، ئەندامانیان بۆ سووتاندنی بارەگاکانی دەنێرن، ئەمە چ دۆستایەتییەکە؟" (نەرینا ئازاد، 12ی کانوونی یەکەمی 2020)     

میدیای پەکەکە بەردەوام باس لە رەوابوونی دەوڵەتەکانی عێراق، سووریا، ئێران تورکیا دەکات و دەنووسێت کە کوردستانی سەربەخۆ ناڕەوایە. ئەم قسەیە تەنیا دەوڵەتانی عێراق، سووریا، ئێران تورکیا دەیکەن کە کوردستانیان خستووەتە ژێر فشارێکی موستەعمەرانەوە.

حەوتەم؛ بەگوێرەی هەواڵی کوردستان24 شەوی 13-14ی کانوونی یەکەم پەکەکەییەکان لە گوندی دەریشەی سەر بە ئامێدی کاتێک ویستوویانە بە بێ مۆڵەت بە خاڵێکی بازگەی پێشمەرگەدا تێپەڕببن، تەقەیان لە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە. بەپێی هەواڵەکە دواتر لە چوار لاوە هێرشکراوەتە سەر پێشمەرگە و لە ئاکامدا پێشمەرگەیەک بە ناوی عەبدولرەحمان ئەمین شەهیدبووە. (نەرینا ئازاد، 14ی کانوونی یەکەمی 2020)

هەشتەم؛ بەگوێرەی هەواڵێکی کوردستان24 لە چەمچەماڵ لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە هێرشی چەکداری بە کلاشینکۆف کراوەتە سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان. (نەرینا ئازاد، 14ی کانوونی یەکەمی 2020).

 ***

شنگال ناوچەیەکی کوردییە. تا ناوەڕاستی ساڵانی 1970 هیج خێزانێکی عەرەب لە شنگالدا نەبووە. سەدام حوسێن بە مەبەستی بەعەرەبکردنی شنگال لە 1975 بەدواوە دەستیکرد بە جێگیرکردنی خێزانە عەرەبەکان. ئەمڕۆش پەکەکە/کەجەکە لە شنگال لە هەوڵی شەراکەت و هەماهەنگییە لەگەڵ حەشدی شەعبی و دەیەوێ شنگال لە کوردستان دووربخاتەوە. ئەمڕۆ پەکەکە/کەجەکە لە شنگال بەرژەوەندییەکانی ئێران دەپارێزێت.

هەرێمی کوردستان شوێنێکە لە شەقامەکان، کۆڵانەکان، خواردنگەکان، کافێکان، هۆتێلەکان، قوتابخانە-زانکۆکان، بازاڕەکان، مزگەوتەکان، پەرلەمان، وەزارەتەکان، شارەوانییەکان، سوپا و پۆلیسدا.. دەنگ و سەدای کوردی بەرزدەبێتەوە. ناوچەیەکی رزگارکراوە. لە هەر شوێنێکیدا کەش و هەوای کورد و کوردستان هەڵدەمژرێت. لە نزیکیشەوە دەزانرێت کە لەپێناوی ئەم دەستکەوتانە قوربانییەکی زۆر دراوە. قەوارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیقەتەوە پارێزگاریی لێدەکرێت. هەوڵی تێکدانی ئەم قەوارەیە تەنیا دەکرێ کاری هێزە دژە کورد و دژە کوردستانییەکان بێت.

پێویستە پەکەکە/کەجەکە داوەت بکرێ بۆ دانپێدانانی سەروەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەگەر دانی پێدانەنا دەبێ هەرێمەکە جێبهێڵێت. ئەگەر ئەم ناوچەیە جێناهێڵێت پێویستە بە کردەیی دووچاری سزای ئیداری بکرێتەوە.  


 

ئیسماعیل بێشیکچی

19.12.2020

 


 

نووسینەکانیتری نووسەر  :بارزانییەکان - بەشی سێیه م