خاتوو ئامنا نموونەیەکی زیندووی سەرهەڵدانی بارزانییەکانە

هاوکات لەگەڵ ٣٩مین ساڵیادی ئەنفالکردنی  ٨ هەزاری بارزانی، بۆ  بەخاكسپاردنی تەرمی ١٠٠ شەهیدی ئەنفالی بارزانییەکان، ڕۆژی ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٢ لە گوندی بارزان ڕێوڕەسمێ بە بەشداریی جەنابی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرس و مێوان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بەڕێوەچوو.

ئەو سەد شەهیدی ناوچەی بارزان لەلایەن ڕێژێمی پێشووی عێراق (بەعس) وەکوو هەزاران ئەنفالکراوی دیکە زیندە بە جاڵ و شەهید کرابوون.

تەرمی ئەو شەهیدانە پاش ٣٩ ساڵ لە شاری موسەننا لە ناوەڕاستی عێراق دۆزرایەوە و گەڕێندرایەوە بۆ خاکی پیرۆزی کوردستان.

” دیکتاتۆر  بۆ دۆزەخ ڕۆیشت و بارزانی بە سەربەرزی لە ناو ئێمەدایە“

تەرمی ١٠٠ شەهیدی ئەنفالکراو لە بارزانییەکان لە گۆڕستانی تایبەت بە شەهیدانی ئەنفالی بارزانییەکان، کە هێمای تێکۆشان و بەرخۆدان و مێژووی دڵسۆزی بارزانییەکانە، بەخاك سپێردرا.

سەرۆک بارزانی لەو  ڕێوڕەسمەدا فەرمووی: ”كاتی خۆی سەددام  بە دەنگی بەرز دەیووت بارزانییەكانمان ڕەوانەی دۆزەخ کرد، بەڵام ئەمڕۆ بارزانییەكان لە بەهەشتن و سەددام خۆی بەرەو دۆزەخ چوو“.

لە کاتی ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی شەهیدان لە گوندی بارزان دیمەنی سەرنجڕاکێش هەبوو، کە پیاوان و ژنانی بە ساڵاچووی ماڵباتی شەهیدان بە سەربڵندی دوایین ئەرکی خۆیان بۆ شەهیدان بەجێ دەهێنا.

یەک لەو کەسانەی دەنگی لە ڕێوڕەسمەکەدا دەبیسترا، ئافرەتێکی بە ساڵاچووی  ڕەش پۆش بوو ،کە لە ڕووخساریدا مێژوو و بەرخۆدانی کورد و کوردستان ڕەنگی دەدایەوە.

ئەو  شێرە ژنە بە هەیبەتە، کە لە ڕێوڕەسمەکەدا دەنگی خۆی بۆ نەوەی نوێ بڵند دەکرد خاتوو ئامنا بوو.

خاتوو ئامنا، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکەدا و ماڵئاوایی کردن لە شەهیدانی ئەنفالی بارزانییەکان، پرسیاری لێ کرا "چ کەسێکت لە ناو ئەنفالکراوەکاندا هەیە؟ خاتوو ئامنا ووتی: ”هەموو شەهیدانی ئێرە برای منن، ئامۆزای منن، کوڕ و کچ و خوشکی منن ، هیچ جیاوازییەکیان نییە. هەموویان لە پێناو کوردایەتی گیانیان بەخت کرد و هەموویان هی ئێمەن“.

شەهیدان زیندوون، ئێمە مردووین

خاتوو ئامنا لە درێژەی قسەکانیدا ووتی: "هەموویان بارزانین، بەناوی بارزانییەوە شەهید بوون. شەهیدان زیندوون و نەمردوون، ئێمە زیندوو مردووین. من بارزانیم، لە شۆڕشی ئەیلول و گوڵان پێشمەرگە بووم. من لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی پیشمەرگە بووم".

خاتوو ئامنا شایەتحاڵی زیندووی مێژووی بارزانییەکانە

خاتوو ئامنا شایتحاڵی زیندووی مێژووی بارزانییەکانە لە سەدەرمی مەهابادەوە  بگرە تا دەگاتە سلێمانی و بارزان، مێژوویی بەرخۆدانی بارزانییەکان دەهێنێتەوە یاد و سەبارەت بە سەرۆك بارزانی دەڵێت: "ئەگەر هەمووتان گوێ ڕایەڵ بن، هیچ زەرەرێ ناکەن”.

خاتوو ئامنا کێیە؟

بەسەرهاتی ئەو چیرۆکی دڵسۆزی و کوردایەتییە

خاتوو ئامنا سەرجەم سات و قۆناغەکانی تێکۆشان و بەرخۆدانی بە چاوی خۆی بینیوە.

ئێستا ئەو تەمەنی نزیکەی ٩٠ ساڵە و وەك دار چنارێکی سەربڵند لە سەر بەڵێنەکەی خۆی پیداگرە، کە کوردە و کوردستانیە.

باوکی خاتوو ئامنا  ناوی محمد زوبێرە، لە ڕووی تەمەنەوە ٣٣ ساڵ لە بارزانی نەمر گەورەتر بوو. ئەو چاوی لە مەلا مستەفا بارزانی بووە و هەروەها لە تێکۆشان و خەباتدا شوێن پەنجەی دیار بووە.
هەتا ساڵی ١٩٤٣ لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی بووە و پێکەوە چوون بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. محمد زوبێر و  تەواوی ئەندامانی بنەماڵەکەی، واتە خاتوو ئامنای کچی وهەر  سێ کوڕەکانی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی دەچنە مەهاباد.

خاتوو ئامنا و بنەماڵەکەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بە چاوی خۆیان دەبینن. واتە خاتوو ئامنا یەکێک بووە لەو کەسانەی، کە لە سایەی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد ژیاوە.

برایەکی خاتوو ئامنا لە مەهاباد کۆچی دوایی کردووە

برایەکی خاتوو ئامنا لە شاری مەهاباد گیانی خۆی لە دەست دەدات، ئەو کاتەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد ڕووخا و مەلا مستەفا بەرەوسۆڤیەت چوو، محمد زوبێر و دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی خالید و بابەکر بڕیاریان دا هاوەڵی مەلا مستەفا بکەن بەرەو یەکێتی سۆڤیەت.  

ئەوکات محمد زوبێر تەمەنی ٧٥ ساڵ بووە، ئەگەر چی مەبەستی بووە هاوەڵی مەلا مستەفا بکات، بەڵام نەیتوانیوە بڕوات،  بۆیە خۆی وکچەکانی،  ئامنا و گوڵ، کە هونەرمەندە، لە کوردستان دەمێننەوە.

خاتوو ئامنا وەك پێشمەرگەیەك لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان هاوکاری شورشی کردووە و یارمەتیی پێشمەرگەی داوە.

بەڵێ چیرۆکی خاتوو ئامنا باشترین نموونەی بەسەرهات و خەبات و شۆڕشی بارزانییەکانە. وەک دیارە لە ڕۆژی لەدایکبوونیەوە لە دەڤەری بارزان هەتا چوونی بۆ مەهاباد و هەتا کۆچی سەرکردەی نەمر مەلا مستەفا بارزانی، لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان و هەتا ئەم ساتەوەختەی ژیانی، کە تەمەنی گەیشتووەتە ٩٠ ساڵ، شایەتحاڵی هەموو قۆناغەکانی شۆڕشی باشووری کوردستان ە.

شانازییەکی گەورە بوو بۆ من، کە بە هەڵکەوت توانیم  خاتوو ئامنا ببینم و لە نزيکەوە بیناسم و دەستی ماچ بکەم.

دواتر بۆم ئاشکرا بوو، کەوا من ئەم بنەماڵەیەم، کە شایەتحاڵی زیندووی مێژووی ڕاپەڕینن، پێشتر لە ساڵی ١٩٩٠ لە شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسیوە.ئەو کات ئەوان لەوێ پەنابەر بوون.

 


رۆژهات ئامەدی

03.08.2022


ئەوانەی پارتی بە تۆمەتبار نیشاندەدەن دووڕووەکانی دۆسیەی رۆبۆسکین!