کارتەکان دووبارە دابەشدەکرێنەوە: تورکیا چانسی نەماوە بۆ هەڵبژاردن!

"سیاسەت هەمیشە ئەنجامدانی کاری راست نییە، بەڵکو ئەنجامدانی کاری گونجاوە. ئەمەیە کە کوردان سەری لێدەرناکەن، یاخود نایانەوێ سەری لێ دەربکەن. کورد پێویستە واز لە سیاسەتکردنی رابردوو بهێنێت و بەگوێرەی هەلومەرجی نوێ کار بکات. لە "جیهانی نوێی ئایندە'' بمانەوێت یان نەمانەوێت، سەکۆی جیاواز، سیستمی جیاواز، رووخساری جیاواز لەڕێی تێکۆشانێکی جیاوازی سیاسییەوە بەدەستدەهێنرێت.

ئیدی لەمەودوا وا دەبینرێت جیهان، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەوروپا، چووەتە دۆخێکی هاوشێوەی جەنگی ساردەوە. ئەگەرچی ئەم جەنگە وەهاش ببینرێت کە بە شێوەی فیزیکی لە نێوان دوو وڵات بەڕێوەدەچێت، جەنگێکە خوێندنەوەی زۆر جیاوازی هەیە. ئەگەر بگوترێت جەنگی نێوان رووسیا-ئۆکرانیا لە رەهەندی جیۆپۆلیتیکی جیهانیدا خاڵێکی وەچەرخان و پڕ لە گۆڕانکارییە، جێی خۆیەتی. چونکە ئەم جەنگە تەنیا لەسەر هێڵی مۆسکۆ-کییڤ نییە؛ بەجۆرێکە کە هێڵەکانی ئەمریکا، تورکیا، ئێران، هەرێمی کوردستان، کوردان، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدایە و وڵاتانی کەنداویش دەخاتە نێو دۆخەکەوە. ئەگەر کاریگەری و هەلومەرجی جەنگەکە و گۆڕانکارییەکانی لە ژێر چەند تایتڵێک بخەینە بەر باس و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، دەکرێ سوودی هەبێت.

پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا:

هەروەک لە بیرمانە کاتێک جۆ بایدن بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا، لەگەڵ ئەردۆغان دیداری نەکرد. بایدن دوای ماوەیەکی زۆر لە لووتکەی ناتۆ (حوزەیرانی 2021) قەبووڵی کرد دیدار لەگەڵ ئەردۆغان بکات. یەکەم دیداری رووبەڕوو ئەگەرچی لە میدیاکاندا وەکو کۆبوونەوەیەکی گشتی باسی لێوەکرا بەڵام ئەگەر دەربڕینەکە لەجێی بێت (دیدارێکی سەرپێی) بوو. سەرۆکی ئەمریکا بایدن ئەو رۆژە چەند پێشنیازێکی بۆ ئەردۆغان کرد و زۆر بە روونی یاریی بە کارتەکانی کرد.  شێوازی کارتەکان بەمجۆرە بوون: رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا یانیش نەرمبوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل، وازهێنان لە ئەرمەنەکان، باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و سەتهەڵگرتن لە هێرش بۆ سەر رۆژئاڤا… تورکیا بە هۆی ئەو هەنگاوە هەڵانەی لەم ساڵانەی دوایی لە سیاسەتی دەرەوەیدا هەڵیهێنان، هەروەها بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەی ماف و یاسا لە نێوخۆی وڵاتەکەدا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا تووشی بەستوویی بوون.

وا پێدەچێت ئەردۆغان پێشنیازەکانی جۆ بایدنی بە جددی وەرگرتبێت. چونکە لەم ماوەیەدا جیاوازییەکی جددی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا دەبینرێت.

لەم چوارچێوەیەدا گڵۆپی سەوزی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بۆ وڵاتانی کەنداو، ئەرمینیا و ئیسرائیل داگیرسا و لە هەمووشی گرنگتر، ئیسرائیل دوای ساڵانێک سەردانی تورکیای کرد. هەروەها نابێت سەردانی سەرۆکوەزیرانی یۆنان میچۆتاکیس بۆ تورکیا لەبیربکەین. تورکیا هەروەک ئەوەی لەگەڵ ئیسرائیل دەستیپێکردووە، دەیەوێ بە هەمان شێوە لاپەڕەیەکی سپی لەگەڵ ئەسیناش هەڵبداتەوە.  واشنتۆنیش دەیەوێ لە نێوان ئەو وڵاتەدا هاوپەیمانی هەبێت نەوەک گرژی. 

ئەنقەرە، لەگەڵ هەولێریش تەماسی دروستکرد و بە روونی نیازی خۆی بۆ رزگاربوون لە ئالوودەبوون بە وزەی رووسیا نیشاندا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەم چوارچێوەیەدا بانگهێشتی تورکیا کرا.

 

"ئێران، سەرچاوەکانی وزەی کورد و تورکیا"

ئێران کە نیگەرانە لەوەی تورکیا پەیوەندییەکانی بەرەو پێش دەبات، بەتایبەتیش لەو نزیکبوونەوەیەی تورکیا و ئیسرائیل، گۆڕانکاریی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە کرد. چونکە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل 'لە دیدە ئیسلامییەکەی ئێرانەوە' وەکو خەنجەردان لە پشتی فەڵەستینییەکان قەبووڵ دەکرێت. تەنانەت حەماس لە راگەیەندراوێکیدا لەمبارەیەوە دەڵێ:"بە نیگەرانی و دڵتەنگییەوە و لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەین".

بەڵام ئێران کە بە چاودێریکردنی پێشهاتەکانەوە ناوەستێت، یەکەمین ئیجرائاتی لە بەرامبەر تورکیا لە هەناردەکردنەوە دەستپێکرد. تاران بە بیانووی ''نۆژەنکردنەوە'' بۆرییەکانی گازی بەسەر تورکیادا داخست.

 

ئەنقەرە کە لە پەیداکردنی گازی سروشتیدا بە تەواوەتی وابەستەیە بە دەرەوە و خۆشحاڵ نییە لەم پێشهاتانە، گوتی:"کەوایە منیش وزە لە هەولێرەوە هاوردە دەکەم". لە دوایەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیی بانگهێشتی تورکیا کرد. 

بێگومان ئێران دیسانەوە وەها نەوەستا. بەغدادی خستە سەر خەت و وایکرد دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق بڕیاری ''کوردەکان ناتوانن نەوت و گازی سروشتی هەناردە بکەن''ی پێ دەرکردن. ئەم بریارە بریارێکی نایاساییە. کوردەکان، بەپێی ئەو سازانەی لەگەڵ بەغداد کردوویانە، لە بابەتی هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتیی خۆیاندا سەربەخۆن.

وەرن با بابەتەکە بە رەهەندێکی دیکە لێکبدەینەوە. هەروەک دەزانرێ لە عێراقدا بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار هەیە کە تاوەکو ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە سازان لەسەری. ئێران لە دڵەوە دەیەوێ کەسی هەڵبژێردراو لە لایەنی خۆیدا بێت. ئەگەر ئەمڕۆ کورسیی سەرککۆماری عێراق چۆڵ بێت، ئەوە کەمێکیش پەیوەندیدارە بە دوو جەمسەری و دوورکەوتنەوەی ئەنقەرە و تاران. چونکە ئێران لە بابەتی نێچیرڤان بارزانییەوە هەوڵدەدات پەیام بۆ هەولێر و ئەنقەرە بنێرێت.

 

"ئاکتۆر و سەکۆ هەمان شتن: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کارتەکان دووبارە دابەشدەکرێنەوە"

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کارتەکان دووبارە دابەشدەکرێنەو، بەڵام ئەمجارە هەم ئاکتۆر و هەمیش سەکۆ جیاواز دەبن. کوردانی هەرێمی کوردستان کە لە دوای ریفراندۆم هەوڵدەدرا پشتگوێ بخرێن، دووبارە دێنەوە ناو یاریەکە.

جیهان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، وەها چووە نێو زنجیرەیەک لە گۆڕانکاری، بەتایبەتی ئەو وڵاتە گلۆبالییانەی خاوەن وزە نین، وا خەریکە روو دەکەنە ئەو 'سەرچاوەی وزەیە'ی لەدەستی کورددایە. 

ئەگەرچی بەشێک لە 'چینی خۆڵەمێشی' کوردان وەکو هاوپەیمانی رۆژئاواییەکان نابینن بەڵام لەڕاستیدا وەها نییە. بەتایبەتی لە دوای شەڕی داعش ئەوان وەکو هاوپەیمانی ئەمریکا شوێنیان قایمکرد. ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا کوردەکان وەکو 'ئەندازیاری دیموکراسی و یەکسانی' دەبینن و بە هاوپەیمانی خۆیان قەبووڵیان دەکەن.

ئێران تابڵێی لەم دۆخە نیگەرانە. با لێرە تێبینییەک جێبهێڵین: "ئەو شەوە کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر لەلایەن لایەنە ئێرانیەکانەوە هێرشی کرایە سەر. ئەو کۆنسوڵخانەیەی هەولێر، وەکو گەورەترین کۆنسوڵخانەی ئەمریکا دروستدەکرێت. مووشەکەکانیش ئامانجیان نەپێکا و لە ئاسمان تەقینەوە".

 

نزیکبوونەوەی هەولێر لە تورکیا، هەروەها بوونی تورکیا لە نێو دیالۆگێکی گەرم لەگەڵ ئیسرائیل، یۆنان و کوردەکان، ئێران بە شێوەیەک تووڕە دەکات کە ئیدی بە روون و ئاشکرایی ئەم جۆرە هێرشانە بکات.

"توانای وزەی کوردەکان و ئایندەی جیهانی نوێ "

نابێت وەها بیر لەو سەرچاو وزەیەی دەستی کوردەکان بکرێتەوە کە تەنیا بۆ تورکیا دەنێردرێت و بەس. ئەم جیهانە نوێیەی رووسەکان هێناویانەتە ئاراوە، وا لەو وڵاتانە دەکات کە دەیانەوێ خۆیان لە کڕینی وزەی رووسیا دەرباز بکەن، بە ئەوروپاشەوە داوای وزە لە کورد بکەن. واتا ئەم شیرازە تازەیەی جیهان، نە کوردەکان و نە تورکەکان و نە ئەوروپاش دروستیانکردووە.

ئەو هەلومەرجە سیاسییەی جیهان بووە زەمینەسازی بۆ دروستبوونی ئەم جیهانە تازەیە. ئەندازیاری ئەم دۆخە ئەوروپا، ئەردۆغان یان کوردەکان نین. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجامدراون، کوردستان ئەوەندە گازی سروشتیی هەیە کە دەتوانێت تاوەکو 300 ساڵ تورکیا تێر بکات. ئەم رێژەیە بە مانای تێرکردنی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپاش لە گازی سروشتی دێت. بێگومان لە داهاتوودا کێن ئەوانەی حوکمی وزەی جیهان دەکەن، ئێمە نازانین. بەڵام دۆخی ئێستا ئەمەیە.

هەڵبەتە ئەم پێشهاتانە بە جۆرێک رەنگدانەوەیان لە "پرسی کورد" دەبێت. ئایا ئەردۆغان بە گوێ گرتن بۆ پێشنیازەکانی بایدن لە سیاسەتی دەرەوەیدا، دووبارە دەگەڕێتەوە سەر ئەو پرۆسە سیاسییە ئەرێنییەی لەمەڕ کورد دەستیپێکردبوو؟ ئەمە کات نیشانی دەدات.

 

با هیچ کەسێک نەپرسێت ئایا ئەردۆغان؟! ئەو کوردانەی هێشتا فێری سیاسەت نەبوون پێویستە بزانن کە بارتەقای گەردیلەیەکیش جیاوازی لە نێوان هاوپەیمانی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) و هاوپەیمانیی میللەت (جەهەپە و ئیی پارتی) نییە. 

لەبری ئەوەی دەپرسن ئەردۆغان؟! پێویستە بپرسن ئایا جەهەپە؟ چونکە جەهەپە سەرەڕای ئەوەی تەواوی گەورەشارەوانییەکانی بەدەستیهێنا لە سایەی کوردەوە و بوو، کەچی ئێستاش ترسی هەیە لەوەی سڵاوێک لە کورد بکات.

 

ئەوانەی بەرپرسیارن لە گەیشتنی ئەردۆغان و ئاکپارتی بەم رۆژەی ئێستا، قەندیل و هەدەپەن، هەروەها جەهەپە و جەماعەتن کە پڕیان کردن و هانیاندان. 

 

سیاسەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا، عێراق، ئەمریکا یانیش ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییانەی لەگەڵ رۆژئاوا هەیەتی جیاوازە. چونکە هەولێر ناچارە هەنگاوەکانی بەگوێرەی دیپلۆماسیەت بنێت. پێویستە ئیدی ئەمە بزانین. پارتەکان و حکومەتەکان بەگوێرە یاسا و رێسا جیاوازەکان جموجوڵ دەکەن. ئەمە پێویستیی سیاسەتکردنە.

 

دەربڕینی ئەمە سوودی خۆی هەیە: تورکیا وئیسرائیل ساڵانێک بوو دژی یەکدی بوون. بە هەمان شێوە لەگەڵ یۆنان لەم ساڵانەی دواییدا هاتبوونە سەر ئەوەی دەست بە شەڕ بکەن. لەگەڵ سعودیە بە هەمان شێوەی لە دوای کودەتاکەوە سەرکردەکانیان دژی یەکدی بوون بەڵام لەڕووی دیپلۆماسییەوە دیداریان هەبوو. لەگەڵ کوردەکانیشدا لە کاتی ریفراندۆم دەستیان خستبووە یەخەی یەکدی، بەڵام ئەوەتا ئێستا کۆبوونەوەیان لە ئاستی باڵای دیپلۆماسیدا دەستیپێکرد. یەکێک لە بنەماکانی پێکهاتەی سیاسەتکردن ئەمەیە. دونێ دوژمن بوو و ئەمڕۆ دۆستە…

 

گۆڕەپانە خۆڵەمێشییەکان کۆتاییان هات. لەگەڵ بڕیاری هەڵوەشانەوەی نۆردم ستریم2ی ئەڵمانیا 'نموونەی سەردەمی نوێ و نایابی جیهان" وەکو نموونەیەک هاتووەتە پێش.

کوردەکان لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ناتۆ وەکو هاوپەیمان سەیردەکرێن. تورکیاش ئەندامی ناتۆیە. بتانەوێ و نەتانەوێ، کوردەکان ناچارن دیدار لەگەڵ تورکیا بکەن. چونکە ئەگەر وڵاتانی ناتۆ هاوپەیمان بن، کوردەکانیش لە ریزی ئەواندان. ئەوەی ئێران و وڵاتانی هاوشێوەش بۆیان هەرسناکرێت، ئەمەیە.

 

چونکە، سیاسەت هەمیشە ئەنجامدانی کاری راست نییە، بەڵکو ئەنجامدانی کاری گونجاوە. ئەمەیە کە کوردان سەری لێدەرناکەن، یاخود نایانەوێ سەری لێ دەربکەن. کورد پێویستە واز لە سیاسەتکردنی رابردوو بهێنێت و بەگوێرەی هەلومەرجی نوێ کار بکات. لە جیهانی نوێی ئایندە'' بمانەوێت یان نەمانەوێت، سەکۆی جیاواز، سیستمی جیاواز، رووخساری جیاواز لەڕێی تێکۆشانێکی جیاوازی سیاسییەوە بەدەستدەهێنرێت.

 

بەشێک لە کوردان هێشتا لەو "ئەنتی-ئەمپریالیست"ە رزگاریان نەبووە کە لە ساڵانی 1970 خراوەتەوە ناو رەفەکانەوە. ئەو کوردانە هێشتا لە هەمان خولگەی حیزبوڵا، حەماس، حەشدی شەعبی، داعش و ئێرانن و دژی جیهانی رۆژئاوان و لە ریزی پووتین شوێنیان گرتووە کە ئەمە بە مانای وشە کارەساتە.