ئاشکرابوونی چڕترکردنی چالاکییە مووشەکیەکانی ئێران لە پارێزگای کرماشان

پەیامی کورد      ...  ئاشکرابوونی چڕترکردنی چالاکییە مووشەکیەکانی ئێران لە پارێزگای کرماشان

دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی ''ئینتێل لۆب'' بە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنەی سەتەلایتی ئاشکرای کردووە کە چالاکییە مووشەکییەکانی ئێران لە دامەزراوەی مووشەکییە ژێر زەوینییەکانی کرماشان چڕتر بووەتەوە.

ئەو دامەزراوەیە لە تویتێکدا نووسیویەتی: ''دوای حەوت مانگ لە ڕاگرتنی هەڵکەندنی تونێلەکان لە دامەزراوەی ژێرزەوینی کرماشان لە نزیک پێگەی مووشەکی بالستیکی باختەران لە سەرەتای مانگی ئۆگۆست دەستی پێکردووەتەوە و هاتوچووەکان بۆ ئەو شوێنە زیاتر بووەتەوە''.

''ئینتێل لەب'' پێشتریش بە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنەی سەتەلایتی چالاکی مووشەکی ڕێژیمی ئێرانی لە کارگەی "کەیکی زەردی ئەردەکان" ئاشکرا کردبوو.

بە ووتەی ڕێکخراوی ''نوێکاری دەربارەی هەڕەشەی ئەتۆمییەکانی ''، ئێران لە ڕۆژئاوای ئێران سێ پێگەی مووشەکی دامەزراندووە کە پێگەی مووشەکی لە کرماشان یەکێک لە هەستیارترین پێگەکانە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران چەندین جار کراوەتە ئامانج کە دەوترێت لەلایەن ئیسرائیلەوە بووە، ئەو هێرشانە لە حاڵێکدا دەخرێنە پاڵ ئیسرائیل کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەندین جار هۆشدارییان داوە کە بەرامبەر هەڕەشە و زێدەڕەوییەکانی ڕێژیمی ئێران بە تووندی دەوەستنەوە.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە