ئامادەکارییەکانى سەردانى پاپا بۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەخرێتەڕوو

پەیامی کورد      ...   ئامادەکارییەکانى سەردانى پاپا بۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەخرێتەڕوو

پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/2  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە نزار ئەلخەیرۆڵڵا بریکارى پێشکەوتووى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، سەرۆکى لیژنەى باڵاى ئامادەکاری بۆ سەردانى  پاپا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا  نزار ئەلخەیرۆڵڵا  پوختەیەکى دەربارەى ئامادەکارییەکان و بەرنامەى سەردانەکەى پێشکەش بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى کرد و خۆشحاڵی خۆى بە هاوکارى و هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندارەکانى حکوومەتى فیدراڵى عێراق و هەرێمى کوردستان دەربڕى و دووپاتى کردەوە کە هەموو ڕێکار و ڕێوشوێنەکان وەک چۆن لەگەڵ لایەنى ڤاتیکان پلانیان بۆ دانراوە، لە عێراق و هەرێمى کوردستان ئامادە کراون و هەردوولا لە هەماهەنگی و پەیوەندیى بەردەوامدان.

لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەردانى  پاپاى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە مێژوویى لە قەڵەم دا کە دەنگدانەوەیەکى جیهانى دەبێت، هەروەها ستایش و دەستخۆشى پێشکەش بە ئەوان و هاوکارى و هەماهەنگی هەردوو تیمى ئامادەکارى سەردانەکە لە هەولێر و بەغدا کرد.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بە پەیام و بایەخ و گرنگیى سەردانى  پاپای بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان کرد کە دەرگایەکى فراونترى جیهانى بەسەر عێراق و هەرێمى کوردستاندا دەکاتەوە و مایەى خۆشحاڵی هەموو پێکهاتەکانە، دەرفەتێکیشە بۆ قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و یەکترقبووڵکردنى نێوان هەموو پێکهاتەکان.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە