ئاوی یەکێک لە بەندئاوەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مەترسیدار سوور دەبێت و لەمبارەیەوە هۆشداری دەدرێت

پەیامی کورد     ...   ئاوی یەکێک لە بەندئاوەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مەترسیدار سوور دەبێت و لەمبارەیەوە هۆشداری دەدرێت .

زانكۆى گه‌رمیان لیژنه‌یه‌كى پسپۆڕ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هۆكارى سووربوونى ڕه‌نگى ئاوى به‌ندئاوى باوه‌شاسوار پێكده‌هێنێت‌و لیژنه‌كه‌ش په‌یامێك ئاراسته‌ى دانیشتوانى سنووره‌كه‌ ده‌كات‌ و ڕایده‌گه‌ینێت، ئه‌و ئاوه‌ نه‌ك بۆ خواردنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت بۆ كشتوكاڵ‌و ئاژه‌ڵداریش نابێت.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سووربوونی ئاوی بەندئاوی باوەشاسوار لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی زانکۆ (پ.د.فەرهاد قادر) لیژنەیەکی پسپۆڕ لەزانکۆی گەرمیان پێكهێنراو لیژنه‌كه‌ هۆكارى سووربوونى ئاوى به‌ندئاوه‌كه‌ بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.
سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى گه‌رمیان له‌ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند، لیژنه‌كانیان له‌ دوو كاتى جیاواز سه‌ردانى به‌ندئاوه‌كه‌ یانكردوه‌و چەندین نموونەیان لەئاوو خاکی بەند ئاوەکە وەرگرت بەمەبەستی شیکارکردنێکی زانستی‌ و درووست بۆ دەست خستنی دەرئەنجامەکانی ئەو گۆڕانکاریانەی کە بەسەر ڕەنگی ئاوی بەندئاوی باوەشاسوار ھاتووە.
له‌ڕاگه‌یندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، ئاوی بەنداوەکە چەندین گۆڕانکاری کیمیایی بەسەریدا هاتوە ئەو گۆڕانکارییە کیمیاییانە بۆتە هۆکاری سەرهەڵدانی قەوزەیەک کە ڕەنگی سوورەو بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەر ئاوی بەندئاوەکە ھاتوە لەئێستادا ئاوی بەنداوەکە شیاو نییە بۆ بەکارهێنان لەلایەن مرۆڤ هەروەها بۆ کشتوکاڵ‌و ئاژەڵداریش.
له‌كۆتایدا ئه‌وه‌ش ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، "ئەنجامەکان‌ و کۆی کارو شیکاری لیژنەکە پێشکەش بەسەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان دەکرێت بەمەبەستی ئاڕاستەکردنی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و ئەنجامدانی کاری پێویست".


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە