ئاو لە ڕووباری دیجلەوە دەگەێندرێتە بەندئاوی دھۆک

پەیامی کورد   ...  ئاو لە ڕووباری دیجلەوە دەگەێندرێتە بەندئاوی دھۆک

بەڕێوبەری ئاودێری پارێزگای دھۆک ئاشکرای کرد، لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە ئاو لە ڕووباری دیجلەوە دەگەیندرێتە بەندئاوی دھۆک و دەشڵێت، بەھۆی ووشکەساڵییەوە نزیکەی ٨٠٠ کانیاو ووشک بوون.

ھێژا عەبدۆلواحید، ڕایگەیاند: ''پڕۆژەیەک ئامادەیە بۆ ئەوەی ئاو لە ڕووباری دیجلەوە بگەینینە بەندئاوی دھۆک و پێشتر کێشە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دروست ببوو، بەڵام بە ھاوکاری پارێزگاری دھۆک کێشەکە چارەسەر کراوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی ڕاکێشانی ئاو لە ڕووباری دیجلەوە بۆ بەندئاوی دھۆک بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و پڕۆژەکە لەلایەن بەڵێندەرەوە جێبەجێ دەکرێت.''

بەڕێوبەری ئاودێری دھۆک ووتیشی: ''بەھۆی ڕاکێشانی ئاو لە ڕووباری دیجلەوە ساڵانە ١٥ ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەندئاوی دھۆک زیاد دەبێت، ئەوەیش ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانین ئاو لە بەندئاوی دھۆک زیاد بکەین.''

ئەندازیار ھێژا عەبدۆلواحید ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ووشکەساڵی کاریگەری لەسەر ناوچەکە درووست کردووە و ھەرێمی کوردستان و عێراقیش بە دەر نین لە دیاردەی ووشکەساڵی، ئێمە دەستمان بە زیاتر لە سێ ھەزار کانیاو گەیشتووە و بەداخەوە بەھۆی کەمی باران و ووشکەساڵی یەوە نزیکەی ٨٠٠ کانیاو ووشکیان کردووە و ئەمەیش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کەرتی ئاو لە ھەرێمی کوردستان.''


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە