ئاژانسی هەواڵی سەر بە سوپای پاسداران : دانووستانەکانی ئێران و ئەمریکا ڕۆژی شەممە لە مەسقەت بەڕێوە دەچێت

پەیامی کورد   ...   ئاژانسی هەواڵی سەر بە سوپای پاسداران : دانووستانەکانی ئێران و ئەمریکا ڕۆژی شەممە لە مەسقەت بەڕێوە دەچێت

ئاژانسی هەواڵی ئێران، سەر بە سوپای پاسداران ڕایگەیاند: عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و ئەستۆون ویتكاف نوێنەری ئەمریکا، ڕۆژی شەممە لە مەسقەتی پایتەختی عوممان دانووستانی ناڕاستەوخۆ دەست پێ دەکەن.

ئەم هەواڵە کە لە لایەن عەباس عێراقچی لە هەژماری خۆی لە ئێکس بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بۆ کۆبوونەوەی دیپلۆماسی ئاست بەرزی نێوان تاران و واشینتۆن ە. لە کاتێکدا عەراقچی جەختی لەسەر  ناڕاستەوخۆبوونی ئەم دانووستانانە کردووەتەوە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بە دانووستانی ڕاستەوخۆ وەسفی کردووە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای دیدار لەگەڵ بێنیامین ناتانیاهوو، ترامپ ئەم دانووستانانەی بە "زۆر گرینگ" ناوبرد و بە تۆنێکی هەڕەشەئامێز ڕایگەیاند: "ئەگەر ئەم دانووستانانە سەرکەوتوو نەبن، ئێران ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبێتەوە". "هەرگیز ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، ئەگەر هیچ ڕێککەوتنێک نەبێ، ڕۆژێکی زۆر مەترسیدار دەبێت بۆ ئەم ووڵاتە". 
 


ئەم بابەتە 34 جار خوێندراوەتەوە