ئاڵمانیا بەردەوام دەبیێت لە پشتیوانیکردنى هەرێمى کوردستان

پەیامی کورد     ...   ئاڵمانیا بەردەوام دەبیێت لە پشتیوانیکردنى هەرێمى کوردستان

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەكۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ مارتین یێگەر، باڵیۆزی تازەی ئاڵمانیا لە عێراق دووپاتی کردەوە کە هاوکاری و پشتگیری سەربازی، مرۆیی و سیاسی ئاڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان هەرگیز لە بیر ناکرێن و بەردەوامی پشتگیری ئاڵمانیای بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە مایەی خۆشحاڵی و گرینگ و پێویست زانی.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2021/10/26  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارتین یێگەر، باڵیۆزی تازەی ئاڵمانیا لە عیراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا هەڵبژاردنەکانی عیراق، ئەنجامەکانی و خوێندنەوە و پێشنبینییەکان بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە ووڵات، برەودان بە پەیوەندییەکانی ئاڵمانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان و دۆخی عیراق بەگشتی، تاوتوێ کران.

باڵیۆزی ئاڵمانیا دڵنیایی دا و دووپاتی کردەوە کە دوای هەڵبژاردن و بە هاتنە سەرکاری حکوومەتێکی تازە لە بەرلین، هەمان سیاسەت و مامەڵەی ئەڵمانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان وەک خۆی درێژە دەکێشێت و ووڵاتەکەی لە پشتگیری عیراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها وەک ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوام دەبێت. ئاماژەی بەوەش دا کە لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە کار دەکەن و ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لەمبارەیەوە بە گرینگ لە قەڵەم دا.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون و هیوای سەرکەوتن بۆ باڵیۆزی ئاڵمانیا، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەڵمانیا دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە هاوکاری و پشتگیری سەربازی، مرۆیی و سیاسی ئاڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان هەرگیز لە بیر ناکرێن و بەردەوامی پشتگیریی ئەڵمانیای بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان بە مایەی خۆشحاڵی و گرینگ و پێویست زانی.

پێشهاتەکانی ئەفغانستان، دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون کە کونسوولی گشتی ئاڵمانیا تیایدا ئامادە بوو.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە