ئایا فەرەنسا بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆمانیا، تێلێگرامی بەکارهێنا؟
پەیامی کورد ... ئایا فەرەنسا بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆمانیا، تێلێگرامی بەکارهێنا؟
پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەر و بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێلێگرام، بانگەشەی کردووە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری دەرەکی فەرەنسا (DGSE) داوای لێکردووە دەنگی بزووتنەوە کۆنەپەرستەکانی ڕۆمانیا لەسەر نامەبەر "بێدەنگ" بکات و بەر لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕۆمانیا لە تێلێگرام دووریان بخاتەوە.
ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدا کە کەش وهەوای سیاسی گرژ لە ڕۆمانیا هاتە ئاراوە، شەپۆلێکی زانیاری هەڵەی لە ڕێگەی ئۆنلاین ەوە بەدوای خۆیدا هێنا.
دورۆڤ ئەو بانگەشەیەی لە سۆشیال میدیادا کرد تەنها دوای ئەوەی نیکۆسۆر دان سیاسەتمەداری لیبراڵ و لایەنگری ئەورووپی توانی لە قۆناغی دووەمی کێبڕکێکەدا لە ڕکابەری تووندڕەوی ڕاستڕەوەکەی خۆرخی سیمۆن بباتەوە و ببێتە سەرۆک.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، سیمیۆنی داوای لە دادگای دەستووری ڕۆمانیا کرد کە ئەنجامی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێنێتەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە "بەڵگەی ڕەت نەکراوە"ی دەستوەردانی فەرەنسا و مۆڵدۆڤا و وڵاتانی دیکەی هەیە. دورۆڤ هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە لە دادگادا ئیفادە بدات بۆ پشتگیریکردن لە بانگەشەکانی سیمۆن ئەگەر پێویست بکات.
فەرەنسا ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە
تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو بۆ پشتگیریکردن لە قسەکانی دورۆڤ بڵاونەکراوەتەوە و دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بە تووندی ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردووەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا ئەو بانگەشەیانە بە "تەواو بێ بنەما" و "هەوڵێک بۆ سەرقاڵ کردنی ڕای گشتی لە هەڕەشە ڕاستەقینەکانی سەر ڕۆمانیا" ناوبرد. هەروەها دەزگای هەواڵگری دەرەکی فەرەنسا (DGSE) بەیاننامەیەکی جیای بڵاوکردەوە و بەڕاشکاوی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە، هەرچەندە دانی بەوەدانا کە "لە چەندین بۆنەدا" پەیوەندی بە دورۆڤەوە کردووە بۆ ئەوەی بەرپرسیارییەتی یاسایی خۆی و کۆمپانیاکەشی بیربخاتەوە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی تیرۆریستی و پۆرنۆگرافیای منداڵان.
دورۆڤ لەدایکبووی ڕووسیایە و هاوکات خاوەنی ڕەگەزنامەی فەرەنسییە، دەووترێت هاوینی ڕابردوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەستبەسەر کراوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەک کە تۆمەتی ساختەکاری، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، تاوانی ڕێکخراو، پەرەپێدانی تیرۆر و هێرشکردنە سەر ئەلیکترۆنی تێدایە. لەو کاتەوە تا ئێستا لە ژێر سنووردارکردنی توندی یاساییدا بووە و بەبێ مووڵەتی فەرمی بۆی نییە خاکی فەڕەنسا بەجێبهێڵێت.
تێلێگرام کە لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن پاڤێل دورۆڤ و نیکۆلای دورۆڤی برا گەورەکەیەوە دامەزراوە، لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە پێشوازی لێکرا بەهۆی کۆدکردنی بەهێزەوە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ڕەخنەی زیاتر بووەوە بەهۆی میوانداریکردنی ناوەڕۆکی نایاسایی.
لە ئێستادا داواکاری گشتی فەرەنسی و بەلجیکا بە هاوبەشی لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی تێلێگرام دەکەن لە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نایاسایی، لەوانە وێنەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان و پڕوپاگەندەی تیرۆریستی.
تێلێگرام تا ئێستا توانیویەتی لە توندترین ڕێساکانی یەکێتی ئەورووپا لە شێوەی "یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان" (DSA) ڕزگاری بێت، چوونکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ژمارەی بەکارهێنەرە چالاکەکانی مانگانەی لە یەکێتی ئەوروپا کەمترە لە ٤٥ ملیۆن کەس. ئاستێک کە بۆ چاودێری ورد لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپاوە دانراوە.
ئەم بابەتە 41 جار خوێندراوەتەوە