ئایا میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق سەرکەوتوو دەبن

پەیامی کورد     ...   ئایا میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق سەرکەوتوو دەبن

میلیشیاکانى کۆمارى ئیسلامى لە عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکى گەورە
بڕیارە ئەمرۆ (یەکشەممە ٩ کانوونى دووهەمی ٢٠٢٢)ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق یەکەم دانیشتنى دواى پەسەندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى تشرینى یەکەمى (ئەکتۆبەر)ـى ٢٠٢٠ ئەنجام بدات و تێدا سەرۆک و هەردوو جێگرەکەى دەستنیشان بکات، وەک هەنگاوێک بۆ پێکهێنانى حکوومەتى نوێی عێراق، کە پێشبینی دەکرێت ڕێبەرى شیعەکانی ئەو ووڵاتە ڕۆڵێکى سەرەکی تێدا بگێرێت.

بە پێی دەستوورى عێراق، دەبێت سەرکۆمار داوا لەپەرلەمان بکات کە لە ٣٢٩ ئەندام پێک هاتووە، بۆ ئەوەى یەکەم دانیشتنى خۆى بە سەرۆکایەتى بە تەمەنترین ئەندام دەست بە کۆبوونەوەکانى خۆی بکات و، سەرپەرشتی هەڵبژاردنى سەرۆک و جێگرەکانى بکات.
دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکان دەریخست لە نێو پێکهاتەى شیعەکان، ڕەوتى سەدر کە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتى دەکات بە ٧٣ کورسی بووەتە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکان. زۆربەى گفتوگۆییە سیاسییەکانى ئێستا بۆ پێکهێنانى حکوومەتى نوێی لەسەر ئەوە چڕ بووەتەوە، کەسایەتى نوێ سەرۆکایەتى هەرسێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق بکات، بەتایبەت لەنێو گرووپە میلیشیاییەکانى نزیک تاران ڕازی نین موستەفا کازمی، بۆ خوولى دووەم ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.
لەڕاگەێندراوێکی خۆشیدا ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئاماژەى بەوە کردووە "دانیشتنە چاوەڕوانکراوەکەى یەکشەممە کاتژمێر ١١ بەیانى بەکاتى بەغدا بەریوە دەچێت و بڕگەکانیشى بریتییە لە سوێندخواردنى پەرلەمانتارە براوەکان و، کردنەوەى دەرگاى خۆکاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆکایەتى پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەى".
بۆ بەرێوەبردنى یەکەم دانیشتنى پەرلەمانیش پێشبینى دەکرێت، مەحموود مەشهەدانى سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنى نوێنەران بەرێوەى ببات و دووبارە دەگەرێتەوە پۆستەکەى بۆ چەند کاتژمێرێکیش بێت.
لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانییدا تاریق حەرب، پسپۆڕی یاسایی لەبارەى یەکەم دانیشتنى پەرلەماندا ڕایگەیاند "هیچ سوپرایزێک لەو دانیشتنە بەدی ناکرێت".. "ئەگەری ئەوە هەیە بە پێی دەستوور سەرۆک و هەردوو جێگرەکەى هەڵبژێردرێن، بژاردەى دووەمیش ئەوەیە دانیشتنەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە تا ئەو پۆستە یەکلایی دەبێتەوە".
حەرب ئاشکراشی کردووە "دواخستنى پرۆسەى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پێویستى بە دەنگی زۆرینە هەیە و بە بڕیاری تاکلایەنانەى سەرۆکی بەتەمەنترین ئەندام بەرێوە ناچێت".
ئالیەتى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پێویستى بەدەنگی ١٦٠ پەرلەمانتار هەیە، کە ئەویش نیوە کۆ یەکە، کەئەرکیان ئەوەیە لەماوەى ٣٠ ڕۆژ سەرۆککۆمار هەڵبژێرن، کەئەویش ئەرکی دەستنیشانکردنى کەسێکە بۆ پێکهێنانى حکوومەت، کە لەنێو گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى دەبێت، ئەویش بەهەمان شێوەى سەرۆککۆمار ٣٠ ڕۆژى لەبەردەمە کە حکوومەتەکەى بخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ وەرگرتنى متمانەى ئەنجوومەنى نوێنەران.
بەڵام زۆربەى ئەو پرۆسەى لە ناو دەستووردا هاتووە، لەسەر ئەرزی واقیعدا هەمووی بەرێکەوتنى فراکسیۆن و لایەنە سیاسییەکان بەرێوەچووەو، زۆر گرینگی بەوادە دەستوورییەکاندا نەدراوە، بەتایبەت لەنێو هێزە براوە گەورەکاندا.
چوونکە سەرۆککۆمار بۆ ئەوەى متمانە وەربگرێت پێویستى بە ٢١٠ دەنگە، ئەمەش بەبێ ڕێکەوتنى پێشوەختە ئەستەمە کەسێک لەدەرەوەى هێزە سیاسییەکان بەدەستى بیهێنت، ئەگەریش لەقۆناغی یەکەم ڕکابەرەکان شکستیان هێنا، ئەوا خوولى دووهەمی دەنگدان بەرێوەدەچێت و، هەر کامەیان زۆرینەی دەنگەکانی هێنا پۆستەکە مسۆگەر دەکات.
گرینگترین پۆستى نێو پرۆسەى سیاسیی عێراق بریتیە لەسەرۆکایەتى وەزیران و پەرلەمان، کەزیاتر لەنێوان شیعەکان و سوننەکاندا چڕبووەتەوە، بەڵام لەدوایین هەڵبژاردنى ٢٠١٨ پۆستى سەرۆکایەتى کۆماریش لەنێو کوردەکاندا کە لە دواى ٢٠٠٥ بەرێوەى دەبەن، کێشەى دروستکردووە بەتایبەت لەنێوان یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان، کەلایەنى دووهەم هەوڵێکى زۆریدا بۆ ئەوەى کاندیدەکەى خۆی بگەیەنێتە ئەو پۆستەو دەرگا لەبەردەم بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری ئێستا دابخات، بەڵام هەوڵەکانى شکستى هێنا.
لەلایەن خۆیەوە ئاژانسى بلوومبێرگی ئەمریکى لەراپۆرتێکى شیکاری بۆبی غووش ، موقتەدا سەدر، پیاوی ئایینى شیعەکان بە بۆمبی ئاگرین وەسف کردووەو، لەهەمان کاتیشدا بەپیاوی ئاگرکوژینەوەش باسى دەکات، کە زۆرکات ڕێگری کردووە لە ئاگربەردانى سیاسی لەو ووڵاتە.
غووش دەڵێت " سەدر لەگەڵ فەتح ناچار بوو لە ٢٠١٨ پۆستە باڵاکان لە ناوخۆیاندا دابەش بکەن، کە زۆربەى وەزیرو بەرپرسە لاوازەکانیان ڕەوانەى نێو حکوومەت کرد، بەڵام ئێستا سەدر تواناى زیاتری هەیە لەگەڵ سوننەو کوردەکان فەتح دووربخاتەوە".
هەرچەندە سەدر خۆی بەرێبەرێکى نیشتیمانى دەناسێنێت، دووپاتیدەکاتەوە ناچار نیە ملکەچی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان بێت، کە ئەو ووڵاتە باڵادەستن لەنێو کاروباری عێراقدا.

سەرەڕاى ئەوەش زۆربەى عێراقییەکان سوورن لەوەى سەدر " کەسێکى ناسەقامگیرەو هیچ چارەسەرێکى بۆ کێشەى ووڵاتەکەیان نیە، بەڵام خاوەن جەماوەرێکى فراوانە، بەتایبەت لەنێو گەنجەکان، کەزۆرینەی خۆپێشاندانەکانى ٢٠١٩ پێکدەهێنن".
بۆیە ئەوەى لەبەردەم سەدر دایە " مەترسییەکانى کوردەکان و سوننەکان بڕوێنێتەوە، لەوەى ئەم خوولەى حکوومەتدا بە ئارامی بەرێوەدەبات و کەسێکى سەربەخۆش بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکات کەجێی ڕەزامەندییان بێت".
سەدر دژى هەڵوێست و داواکارییەکانى گرووپە نزیکەکانى تارانە بەوەى چارەسەرە تەقلیدییەکە هەڵبژێرن بەوەى سەرجەم لایەنەکان بەدۆڕاو براوەکان بەشداری حکوومەت بکەن، بەڵام ئەو سوورە کە ڕەوتەکەى سەرۆک وەزیران دیاری دەکات و، حکوومەتى زۆرینەش باشترین بژاردەیان دەبێت.
لەپاڵ ئەوانەش چەندین جار دووپاتیکردۆتەوە کە " پێویستە سەرجەم میلیشیاکان هەڵبوەشێنرێتەوەو، گرینگی زیاتر بەهێزەکانى دەوڵەت بدرێت، ئەم هەڵوێستەش پێچەوانەى هەنگاوەکانیەتى کەخۆى سەرپەرشتى گرووپێکى میلیشیایی لەعێراق دەکات و، دەستى لەچەندین ناسەقامگیری هەبووە.
ئەوەى تاوەکوو ئێستا بۆ سەدر مسۆگەر بووە کەهاوپەیمانی لەگەڵ فراکسیۆنەکەى مەحمەد حەلبووسی، سەرۆکى ماوە بەسەرچووى پەرلەمان " خاوەنى ٣٧ کورسی " و، پارتى دیموکراتى کوردستان " خاوەنى ٣١ کورسی " دەکات، بەڵام لەسەر هەندێ ووردەکاری ماوە هاوپەیمانیەکەیان ڕابگەینن.

 


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە