ئه‌م ناوچەیه‌ دەكرێتە گەورەترین شاری پیشەسازی لە كوردستان

پەیامی کورد     ...    ئه‌م ناوچەیه‌ دەكرێتە گەورەترین شاری پیشەسازی لە كوردستان

ناوچەی پیشەسازی تیمارت، گەورەترین ناوچەی پیشەسازییە لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستاندا،  جێگری سەرۆكی یەكیتی وەبەرھێنەرانی كوردستانیش دەڵێ، خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكە دابین دەكرێت و زەوییەكانیش دەخرێنە سەر ناوی خاوەنكارەكان.

كە‌مال ئاغا، جێگری سەرۆكی یەكیتی وەبەرھێنەرانی كوردستان، رایگەیاند : "ناوچەی پیشەسازی تیمارت، گەورەترین ناوچەی پیشەسازییە لە ھەرێمی كوردستان و دەكەوێتە شاری ھەولێر، كە سەدان كارگە و شوێنی كاری تێدایە و دەمانەوێ ئەو ناوچەیە بكرێتە شارێكی پیشەسازی پێشكەوتوو، لەبەر ئەوەش پلانمان ئەوەیە چەند ھەنگاوێك بۆ پێشخستنی ناوچەی پیشەسازی تیمارت بنێین".

جێگری سەرۆكی یەكیتی وەبەرھێنەرانی كوردستان دەشڵێت: "ناوچەی پیشەسازی تیمارت، بەسەر چەند كەرتێكدا دابەش بووە، لەوانەش ٥٠%ی كارگە و شوێنە بازرگانییەكان سەر بە وەبەرھێنانن و ئەوانی دیكە مووڵەتیان لە شارەوانی و وەزارەتی بازگانی و پیشەسازی وەرگرتووە".

كەمال ئاغا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: " ناوچەی تیمارت ھەندێ خزمەتگوزاری پێویستە، ئێمە داوامان كردووە و لەگەڵ خاوەن كارگە و پڕۆژەكان رێككەوتووین لە بەرامبەر وەرگرتنی ھەندێ پارە لە رێگەی بەڵێندرەوە، شەقامەكانی قیرتاو بكرێت، لە بەرامبەریشدا حكوومەت زەویی ناوچەكە لەسەر خاوەنەكانیان تاپۆ بكات، یانیش بەپێی یاسای وەبەرھێنان، بخرێنە سەر وەبەرھێنان، بۆ ئەوەی خاوەنكار لە چەندین خزمەتگوزاری سوودمەند بێت، لەوانەش راكێشانی قەرزی بانكی".


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە