ئومێد خۆشناو : ستەم لە هەولێر دەکرێت
پەیامی کورد ... ئومێد خۆشناو : ستەم لە هەولێر دەکرێت
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە پێدانی کارەبای نیشتمانی ستەم لە هەولیر کراوە، داواش دەکات وەزارەتی کارەبا پێداچوونەوە بەو بابەتەدا بکات و پێدانی کارەبا بە شارەکان دادپەروەرانە بێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "کارەبای نیشتمانی یەکێکە لەو گرفتانە، کە ئێمە دوو وەرز کارەبامان باشە ئەویش پایز و بەهارانە، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ پایزەکەش کارەبای نیشتمانی خراپ بووە، کارەبای نیشتمانی بە جیاواز لەگەڵ شارەکانی دیکە هەولێر ستەمی لێکراوە".
ووتیشی: "بە بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی کارەبا ئەو گفتوگۆیەمان کردووە، هەروەها لە رۆژانی رابردووش دۆخەکە زۆر خراپتر بووە، هەروەها لە وەرزی سەرمادا خواست لەسەر کارەبا زیاتر دەبێت، بەڵام بە دڵنیایی یەوە هەست بەوە دەکەین نادادپەروەری هەیە، بۆیە زۆرجار دانیشتووانی هەولێر پارەی موەلیدەکان زیاتر دەدەن، چونکە کارەبای نیشتمانی لە هەولێر کەمترە، هەروەها لەسەر ئەو بابەتە چەندین جار لەگەڵ وەزیری کارەبا و لایەنە پەیوەندارەکان قسەمان کردووە، لەو چەند رۆژەی رابردووش دا دۆخی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر خراپتر بووە".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: "هیوادارین تێستی ساڵانەی کارەبای نیشتمانی ببێتە تێستی وەرزی، چوونکە تێستی ساڵانە یەکێک لەو هۆکارانەیە کە بڕی کارەبای نیشتمانی دیاری دەکرێت، بۆیەش هاووڵاتییان ئەو دوو سێ رۆژە زیاتر فشارەکانیان لەسەر بەڕێوبەرایەتی کارەبای 1 و2ـی هەولێر و کارەبای گشتی هەولێر و چاککردنەوەی کارەبا بووە، چونکە پێیان وایە کارەبای ئەو یان گەڕەکەکەیان تێکچووە، کەچی بەرهەمەکەمان کەمتربووە".
دەشڵێت: "داواکارین لە وەزارەتی کارەبا پێداچوونەوە بەو بابەتە بکات، بەشێوەیەکی داپەروەرانە، ئەوەی هەیە بە دادپەروەری دابەش بکرێت، ئەگەر لە شارێک 12 تا 13 کاتژمێر کارەبا هەبێت و لە شارێکیش 2 تا 3 کاتژمێر هەبێت، بە دڵانیاییەوە ئەرکی خەڵک قورستر دەکات و دادپەروەری نییە".
ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە