ئۆرتێگاس : کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا هۆكاری ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن

پەیامی کورد   ...   ئۆرتێگاس : کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا هۆكاری ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن

مۆرگان ئۆرتێگاس، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، کۆماری ئیسلامی وەک هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری ناوچەکە ناساند و خوازیاری داماڵینی دەستبەجێی چەک لە تاقمی تیرۆریستی حیزبۆڵڵا بوو.

ئەو ئەم تاقمە تیرۆریستییەی كە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت بە "شێرپەنجە" ناوبرد کە لوبنانی گەیاندووەتە وێرانکاری و دەبێت بە تەواوی لەناوببردرێت.

ئۆرتێگاس بە ئاماژەدان بە پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئەم شەڕە دەرئەنجامی بڕیاری حیزبۆڵڵا و کۆماری ئیسلامییە.

ناوبراو ڕایگەیاند: لە ٨ی ئۆكتۆبری ٢٠٢٣دا ئەوە حیزبۆڵڵا و ئێران بوون کە لوبنانیان بۆ شەڕێکی نەخوازراو لەگەڵ ئیسرائیل ڕاكێشا، شەڕێك كە هیچ كات خەڵكی لوبنان ئەوەیان نەویستووە.

ناوبراو هەروەها ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی پێشووی دانووستانەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران گرت و ڕایگەیاند کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا ڕێبازی دوور و درێژ و ناڕاستەوخۆی ئیدارەی بایدن پەیڕەو ناکات.

هەروەها ڕوونی کردەوە: ئێمە بەشداری دانووستانی بێ کۆتایی ناکەین؛ "هەر دیالۆگێک لەگەڵ ئێران دەبێ خێرا و ڕاستەوخۆ و  ئەنجامی  هەبێت".

ناوبراو زیادی کرد: ئێران نەک هەر خۆی لە بەرپرسیارییەتی بەرانبەر ناوچەکە بەدوور دەگرێت، بەڵکوو کردەوەکانی بووەتە هۆی نائارامی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئۆرتێگاس لە کۆتاییدا جەختی لەسەر پێویستی چەکداماڵینی حیزبۆڵڵا کردەوە.


ئەم بابەتە 28 جار خوێندراوەتەوە