ئۆمێد خۆشناو : مەحموود سەنگاوی پێشتر سكاڵای لەسەر من ھەبووە و ئەگەر رێكاری یاسایی بگیرێتە بەر، ئەوا من ئامادەم لە بەردەم دادگا بم
پەیامی کورد ... ئۆمێد خۆشناو : مەحموود سەنگاوی پێشتر سكاڵای لەسەر من ھەبووە و ئەگەر رێكاری یاسایی بگیرێتە بەر، ئەوا من ئامادەم لە بەردەم دادگا بم
پارێزگاری ھەولێر، ئەمڕۆ سەردانی بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی شاری ھەولێری كرد و، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد: "بە بێ جیاوازی خزمەتی خەڵكی سنووری پارێزگای ھەولێر دەكەین".
ئومێد خۆشناو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دوای سەردانی مەڵبەندی ٣ی یەكێتی لە ھەولێر، رایگەیاند: "لە سەردانی ئەمڕۆماندا بۆ مەڵبەندی یەكێتی، باس لە كارنامەی ئایندەی خۆمان و كار و خزمەتكردن بە سنووری پارێزگای ھەولێر كرا، كە ئێمە دەمانەوێ دڵنیایی بدەینە لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی بتوانین بە ھەموومان خزمەتی ھاووڵاتیان بكەین".
پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: "دەمانەوێ لاپەڕەیەكی تازە لە كاری خزمەتگوزاری و حوكمڕانی لە شاری ھەولێر دەست پێبكەین، كاری ئێمەش حزبایەتی نییە، دەمانەوێ لایەنە سیاسییەكان ھاوكارمان بن، بە تایبەتی ئەو ھێزانەی بەشدارن لە حكوومەتدا و ھەموومان پشتیوانی لە كارنامەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەین، كە رێككەوتنی لەسەر ئەنجام دراوە".
خۆشناو روونیشی كردەوە: "ئەو قسانەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا كراون، لە رۆژانی داھاتوودا بە كردار دەیبینین لە پێناو خزمەتكردنی ھاووڵاتیانی ھەولێر".
لەبارەی سكاڵای مەحموود سەنگاوی لەسەر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر دەڵێت: "پێشتر مەحموود سەنگاوی سكاڵای لەسەر من ھەبووە و ئەگەر رێكاری یاسایی بگیرێتە بەر، ئەوا من ئامادەی بەردەم دادگا دەبم و كەسمان لە سەرەوەی یاسا نین".
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە