ئۆمێد خۆشناو : هاووڵاتییان دەتوانن بە ئوتۆمبێلى تایبەتى خۆیان بچنە ئێران
پەیامی کورد ... ئۆمێد خۆشناو : هاووڵاتییان دەتوانن بە ئوتۆمبێلى تایبەتى خۆیان بچنە ئێران
ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هاووڵاتییان دەتوانن بۆ ماوەى یەک ساڵ بە ئوتۆمبێلى تایبەتى خۆیان و بارهەڵگر و هەموو جۆرە ئۆتومبێلێک هاتووچۆ و گەشت بکەن بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە راگەێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوا بە دواى لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنامەکانی دوو ساڵی ڕابردوی نێوان پارێزگارى هەولێر و پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا(ورمێ)، کە پیشکەوتن و بەرەو پێش چوونێکى بەرچاوى لە جێبەجێ کردنى خاڵەکانى بەخۆیەوە بینیوە لە زیادکردنى جمووجۆڵی بازرگانی و ئابووری و ئاسانکارى بۆ هاتووچۆى هاووڵاتیان و گەشتیارانى هەردوولا لە خاڵی سنووری نێودەوڵەتى حاجی ئۆمەران - تەمەرچین و زۆربەى خاڵەکانى هەردوو ڕێککەوتنامە جێبەجێ کراوە.
ئاماژەی بەوەش کردوە، لە کۆبوونەوەى چوارشەممە لە نێوان ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و نەسڕۆڵڵا ڕەشنوودى، سەرکونسووڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر، خاڵێکى دیکەى ئەو رێکەوتنامانەیە کە خواست و داواکارى پارێزگاى هەولێر بوە، لە پێناوى خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتییان و پێشکەش کردنى کار ئاسانى بۆ گەشتکردن و هاتووچۆیان بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران بە ئۆتۆمبێلى تایبەتى خۆیان دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
لە ڕاگەێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا ئەمڕۆدا ڕێککەوتن، کە هاووڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى وەرگرتنى کارتێکى تایبەت "دەفتەرچە" کە یەک جار مامەڵەى وەرگرتنى دەکرێت و بە نرخێکى کەمى دیاریکراو ئەو کارتە وەردەگرن، دەتوانن بۆ ماوەى یەک ساڵ بە ئۆتومبێلى تایبەت بە خۆیان و بارهەڵگر و هەموو جۆرە ئۆتومبێلێکى دیکە هاتووچۆ و گەشت بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران بکەن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ئێستادا میکانزمى سەرجەم ئەو ڕێکار و ڕێوشوێنانەی تایبەتن بەو پرسە دانراوە و یەکلایی کراوەتەوە، لە ماوەیەکى نزیکى داهاتووشدا بەپێى ڕێکار و ڕێنماییە بەرکارەکانی هەردوو ووڵات دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە