ئیسرائیل : ئێران بە شێوەیەکی مەترسیدار لە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی نزیک دەبێتەوە
پەیامی کورد ... ئیسرائیل : ئێران بە شێوەیەکی مەترسیدار لە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی نزیک دەبێتەوە
''نەفتالی بێنت'' سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران ڕەوتی پیتاندنی یۆرانیۆم بە خێرایەییەکی بێ وێنە درێژە پێ دەدات، ووتی کە تاران بە شێوەیەکی مەترسیدار لە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی نزیک دەبێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ووتی کە ئەگەر جیهان هەڵوێستێکی بەبڕشت و جیددی لە بابەت ئێران نەگرێتە بەر، ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕادەگات.
''بێنێت'' لە ووتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ''تێلێگراف'' داوای لە ووڵاتانی ڕۆژاوایی کردووە فشارەکانی خۆیان بۆ سەر ئێران چڕتر بکەنەوە.
گرژییەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە حەفتەی ڕابردوو زیاتر بووەتەوە، بەدوای پەسەندکردنی بڕیارنامەی ئەم دواییانەی شورای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی ووزەی ئەتۆمی ، تاران ڕایگەیاندووە کە هێندێک لە هەوڵەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناوکی کەم کردووەتەوە و ٢٧ دوربینی چاودێری ئاژانسی کوژاندووەتەوە.
شەورای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی ووزەی ئەتۆمی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە کۆتایی دانیشتنی سێ ڕۆژەی خۆیدا بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک، ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی چالاکییە ناوکییەکان و پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی مەحکووم کرد.
ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە