ئیسرائیل : سەرکردایەتی ڕێگریکردن لە بەدەست هێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێران ەوە دەكەین
پەیامی کورد ... ئیسرائیل : سەرکردایەتی ڕێگریکردن لە بەدەست هێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێران ەوە دەكەین
وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەینی، پابەندبوونی نەگۆڕی ووڵاتەکەی بۆ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێران ەوە دوپاتکردەوە و ووتی، "ڕێڕەوێکی ڕوونی هەیە بۆ ڕێگریکردن لەو کارە و هەرچی پێویست بێت بۆ گەیشتن بەو کارە دەیکەین".
ئیسرائیل کاتس ، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە ڕاگەێندراوێكدا بڵاویكردەوە، "من و بێنیامین ناتانیاهوو ی سەرۆک وەزیران لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، پابەندین بە سەرکردایەتی کردنی هەنگاوێکی ڕوون کە ڕێگری لە ئێران بکات لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی".
ئاماژەی بەوەش كرد، "کاتێک وەک وەزیری بەرگری دەستنیشان کرام، بەڵێنم دا کە دوو ئامانجی سەرەکی بەدی بهێنم، ئەوانیش ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەست هێنانی چەکی ئەتۆمی و سەرکەوتن لە شەڕەکەدا و لە ئێستادا هێزی ئاسمانی کاردەکات بۆ بەدەست هێنانی سەرکەوتن لە هەمو بەرەکانی شەڕدا".
وەزیری بەرگری ئیسرائیل باسی لەوەشكرد، ئەوە بەرپرسیارییەتی ئەوانە و ئەرکی مێژوویی یانە، هەرچی پێویست بێت بۆ گەیشتن بەو کارە دەیکەن.
ئەو ووتانەی ناوبراو ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێک دا ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیارەکانی ئیسرائیل بەمەبەستی هێرشی هاوبەش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕەتکردەوە.
لای خۆیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هەینی ڕایگەیاند، هەرچەندە گومانی جیددییان لەسەر مەبەست و پاڵنەرەکانی لایەنی ئەمریکی هەیە، بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت بەشداری لە دانووستانەکانی سبەینێ دا دەکەن.
ئەم بابەتە 27 جار خوێندراوەتەوە