ئیسرائیل هەڵوێستی سیاسی خۆی بەرانبەر بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین ڕاگەیاند
پەیامی کورد ... ئیسرائیل هەڵوێستی سیاسی خۆی بەرانبەر بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین ڕاگەیاند
ئیسرائیل سەرکۆنەی ئۆپراسیۆنی سەربازی رووسیا بۆسەر ئۆکراین دەکات و دەڵێت "پێشێلی یاسای نێودەوڵەتییە"، جەختی لە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ کردووەتەوە.
یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، "هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراین پێشێلکارییەکی جیددی یاسای نێودەوڵەتییە" و ئاماژەی بەوەش کردووە کە ووڵاتەکەی "سەرکۆنەی" ئەو هێرشە دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، "ئیسرائیل پەیوەندییەکی باش و دوورودرێژ و قووڵی لەگەڵ رووسیا و ئۆکراین هەیە.. سەدان هەزار جوولەکە لە هەردوو ووڵاتەکە دەژین".
لاپید دەڵێت، "سەلامەتی و پاراستنی جوولەکەکانی ئەو دوو ووڵاتە لەلای ئێمە گرینگن". ئیسرائیل داوا دەکات کە لەم کاتەدا باڵانسی دیپلۆماسی بپارێزرێت.
ئەمریکا هاوپەیمانی سەرەکی ئیسرائیل ە لەڕووی ئاسایشەوە، شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن، ئیسرائیل رووبەڕووی گوشارێکی زۆر دەبێتەوە بۆ خۆخستنەپاڵ ووڵاتانی رۆژئاوا بەرامبەر رووسیا.
ئیسرائیل پەیوەندییەکی گرینگی ئەمنی لەگەڵ رووسیا هەیە، بەتایبەت بە هەبوونی هێزەکانی رووسیا لە سووریای دراوسێی.
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، لەنزیکەوە هەماهەنگییان لەگەڵ رووسیا هەبووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئامانجەکانی ئێران لەناو خاکی سووریا.
لاپید دەڵێت، ئیسرائیل ئامادەیە بۆ "دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی سڤیلی ئۆکراین ". ئەوەش لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی رووسیا مەترسی ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆری لێکەوتووەتەوە.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە