ئیسرائیل ١٢٠٠ جار هێرشى کردووەتە سەر کۆمارى ئیسلامى و میلیشیاکانى لە سووریا
پەیامی کورد ... ئیسرائیل ١٢٠٠ جار هێرشى کردووەتە سەر کۆمارى ئیسلامى و میلیشیاکانى لە سووریا
بڵاوکراوەى جرۆزاڵم پۆست بە بڵاوکردنەوەى ڕاپۆرتێک باسى لەوە کردووە کە هێزە ئاسمانییەکانى ئیسرائیل لە ٥ ساڵى ڕابردوو، زیاتر لە ١٠٠٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر خاکى سووریا.
بە پێى ڕاپۆرتێکى ئەلجەزیرە کە لە جرۆزاڵم پۆستەوە وەریگرتووە کە بڵاوکراوەیەکى ئیسرائیلییە، بە بۆنەى کۆتاییهاتنى ئەرکى "عەمیکام نۆرکین"ـى فەرماندەى هێزە ئاسمانییەکانى ئیسرائیل، بڵاوى کردەوە کە لە ٥ ساڵى ڕابردوو واتە لە سەردەمى کارکردنى نۆرکیایە، لە ٤٠٨ ئۆپراسیۆن، ١٢٠٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر خاکى سووریا و ٥٥٠٠ بۆمب و مووشەکیان بەسەر بارەگا و بنکەکانى سوپاى پاسداران و میلیشیاکانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى باراندووە.
بە پێى ڕاپۆرتەکە، تەنیا لە ساڵى ڕابردوو لە دەیان ئۆپراسیۆن لە سوریە، ١٧٤ شوێن کراوەتە ئامانج و بە ٥٨٦ بۆمب و مووشەک هێرشەکە ئەنجام دراوە. لە لایەکى دیکەوە و هەر لەو ماوەیە، ٢٣٩ مووشەکى دژە ئاسمانى ڕوو لە فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل تەقێنراوە، کە زۆرینەیان بەر ئامانجەکە نەکەوتوون.
جرۆزاڵم پۆست زیادى کردووە کە ئامانج لەم هەموو هێرشە، "پێشگرتن لە سوپاى پاسداران لە نزیک سنوورە باکوورییەکانى ئیسرائیل و پێشگرتن لە گەیاندنى چەک و چۆڵ بە حیزبۆڵڵاى لوبنان"، بووە. ئیسرائیل، هەر مانگى ڕابردوو مووشەکى زەوی بە زەوی هێرشى کردە سەر باشوورى دیمەشق کە بە هۆیەوە سەربازێکى سووری کوژرا و ٥ى دیکەیش بریندار بوون.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە