ئێران بەرهەمهێنانی مووشەکێکی پێشکەوتووی ڕاگەیاند
پەیامی کورد ... ئێران بەرهەمهێنانی مووشەکێکی پێشکەوتووی ڕاگەیاند
سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، ووڵاتهكهى جۆرێک مووشەکی بالیستیکی بەرهەمهێناوە کە توانای لەناوبردنی یەکە دەریاییە گەڕۆکەکانی لە دووری هەزارو 500 کیلۆمەترەوە هەیە.
بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، لیوا موحەمەد باقری سوپاسالاری ئێران لەلێدوانێکدا ڕایگەیاندووە، بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە مووشەکە لەلایەن ئێرانەوە لەکاتێکدایە تەنها سێ ووڵاتی جیهان توانای بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە مووشەکانەیان هەیە.
هەروەک دەڵێت، "ئێران بەخاوەنداریەتیکردنی ئەو جۆرە مووشەکە، ئاسایشێکی گەورەی بۆ دەریاکانی دەورووبەری لەمەودای زیاتر لەهەزار کیلۆمەترەوە دەستەبەرکردووە".
بە ووتەی ئەو فەرماندە باڵا سەربازییەی ئێران، مووشەکە بالیستییەکە بەخێرایی 8 ماخو لەمەودای 1500 کیلۆمەترەوە ئامانجە جووڵاوە دەریاییەکان لە بۆشایی ئاسمانەوە دەکاتە ئامانج، بەمەش کەشتییە فڕۆکە هەڵگرە بیانییەکان و کەشتی یەکانیان ئاسایشیان پارێزراو نابێت.
هەروەک، دوێنێ دوشەممە وەزیری بەرگریی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە، خواستی وڵاتان لەسەر کڕینی چەکی ئێرانی لەشێوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی زیادیان کردوە.
جەختیشیکردەوە، ئێران گەیشتۆتە ئاستێک لەپێشکەوتنی بواری پیشەسازیی بەرگریی کە پێیوستی بەسیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400ی ڕوسیی نەماوە.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە