ئێران لە دوای پاشەکشەکەی لە بەرامبەر ووڵاتی ئازەربایجان هەرێمى کوردستان جارێکی دیکە دەکاتە ئامانج
پەیامی کورد ... ئێران لە دوای پاشەکشەکەی لە بەرامبەر ووڵاتی ئازەربایجان هەرێمى کوردستان جارێکی دیکە دەکاتە ئامانج
جێگرى سیاسى نووسینگەی عەقیدەتى ـ سیاسى فەرماندەیی گشتى هێزەکانى کۆمارى ئیسلامى، دواى پاشەکشەکردن لەسەر پرسى ئازەربایجان، هەڕەشەى لە هەرێمى کوردستان کرد.
بە پێى ڕاپۆرتێک ، هەروەک پێشبینى کرابوو، کۆمارى ئیسلامى خۆى دوورەپەرێز کرد لە چوونە ناو گێرمەوکێشەکانى ئازەربایجان و بە پێشنیار و داواکارى نێوەندگیرى لە ڕووسەکان، هەڕەشەى لە هەرێمى کوردستان کرد کە "هەنگاوى پێشوەختە" دەهاون.
ڕەسوڵ سەنایی ڕاد بانگەشەى کرد کە بوونى حزبە کوردییە دژبەرەکانى ئێران لە هەرێمى کوردستانى عێراق، بۆ هاووڵاتیانى هەرێم دەبنە مایەى "نائەمنی و کێشە". ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزە چەکدارەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان تەنیا لە ناوچە کوێستانییەکانن و چالاکییەکانیان لەسەر بنەماى بەرگرییە بەرامبەر هێرشەکانى سوپاى پاسداران.
ئەم بەرپرسەى نووسینگەی خامنەیی بانگەشەى ئەوەشى کرد کە ئەم حزبانە "دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکانى ئەمریکا وهەندێک دەزگاى هەواڵگرى گەورە" هەبووە. کۆمارى ئیسلامى لە سەرەتاوە، چالاکى سیاسی هەر جۆرە حزب و دامەزراوەیەکى بە شێوەى سیستماتیک و لە ژێر ناوى یاسا، قەدەغە کرد و چالاکى حزبە و ڕەوتە دژبەرەکانى ئایدیۆلۆژیاکەى بە تاوان هەژمار کرد.
ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە