ئێران و قەتەر لەسەر گەشەدان بە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان رێکەوتن
پەیامی کورد ... ئێران و قەتەر لەسەر گەشەدان بە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان رێکەوتن
لە میانەی سەردانەکەی وەفدی قەتەر بۆ ئێران، بەرێوبەری گشتی کاروباری دەوڵەت لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی قەتەر لەگەڵ سەرۆکی رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران کۆبوەوە و هەردوولا جەختیان لە پەرەدان بە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە تارانی پایتەخت، شێخ ئەحمەد راهن، بەرێوبەری گشتی کاروباری دەوڵەت لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی قەتەر لەگەڵ عەلی رەزا بیمان پاک سەرۆکی رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی لە ئێران کۆبوەوە و هەردوولا جەختیان لە پەرەدان بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان کردەوە.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەو رێکەوتنانەی هەردوولا کرایەوە کە پێش سێ مانگ لە کاتی سەردانی ئایەتولڵا ئیبراهیم رەئیسی بۆ ئەو ووڵاتە واژوو کرابوون.
ئەمە جگە لە پێداچوونەوە بەو تەوەری هەماهەنگیانەی نێوان تاران و دەوحە کە بڕیارە لە هەشتەمین کۆبوونەوەی هەماهەنگی ئابووری لە مانگی داهاتودا بخرێنە روو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە میری قەتەر بەمەبەستی چاودێریکردنی رێککەوتنە سیاسی و ئابورییەکانی نێوان تاران و دەوحە، بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ووڵاتەکەی سەردانی ئێرانی کرد و لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران پێشوازی لێکرا.
لە سەردانەکەدا بڕیارە پرسی هەڵگرتنی قەدەغەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لەقەتەر گفتوگۆی لەسەر بکرێت کە پێشتر شاندی دانووستانکاری هەردوو ووڵات لەبارەیەوە چەندجارێک کۆبوونەتەوە.
لەئێستادا قەتەر و کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکی بەهێزی بازرگانی، ئابووری و سیاسی لەنێوانیاندا هەیە، بەجۆرێک تاران و دەوحە بۆ میوانداریکردنی مۆنديالی قەتەر-٢٠٢٢ چەندین رێککەوتنی هاوکارییان واژوو کردوە.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە