ئێران کەرەستە سەربازییە بەجێ ماوەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە شێوەیەکی بەرفراوان دەدزێت

پەیامی کورد    ...   ئێران کەرەستە سەربازییە بەجێ ماوەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە شێوەیەکی بەرفراوان دەدزێت

دزینی کەرەستە و ماشینە سەربازییەکانی ئەرتەشی ئەفغانستان لەلایەن ئێرانەوە

بە ڕووخانی دەوڵەتی ئەفغانستان و بە دەستەوەگرتنی دەسەڵاتی ئەو ووڵاتە لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە و هەروەها چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان و بە جێهێشتنی کەرەستە سەربازییەکان و دزینی ئەو کەرەستە سەربازییانە لەلایەن ئێرانەوە نیگەرانییەکی جیهانی درووست کردووە.

بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و ئەفغانستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی سێپتەمبەری ٢٠٢١  بەبڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆگەلێک باس لە دزینی چەکوچۆڵ و ماشینی سەربازیی و تانکە شەڕکەرەکانی ئەرتەشی ئەفغانستان و گواستنەوەیان بۆ تاران دەکەن.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆگەلە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەگەلێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوبوەتەوە و دەیسەلمێنێ کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای “سمنان-گەرمسار”ەوە ئۆتۆمبێل و تانکە سەربازییەکانی ئەرتەشی ئەمریکا کە درابوون بە ئەرتەشی ئەفغانستان، دەگوازێتەوە بۆ ئێران.

هەرلەم پێوەندییەدا “بسمیلا محەممەدی” بەرپرسی پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان، بەبڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە لاپەڕەی فەرمی خوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە ئاماژە بە دزینی کەرەستە و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئەرتەشی ئەفغانستان لەلایەن ئێرانەوە نووسی: ئێران دراوسێکی باش نەبووە بۆ ئەفغانستان و دڵنیا بن کە ڕۆژە ناخۆشەکانی ئەفغانستان بەردەوام نییە و کۆتایی پێ دێ.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە