ئەحمەد شا مەسعوود یەکەم لێدوانی دوای لە دەستدانی ویلایەتی پەنجشێر ڕایگەیاند

پەیامی کورد     ...    ئەحمەد شا مەسعوود یەکەم لێدوانی دوای لە دەستدانی ویلایەتی پەنجشێر ڕایگەیاند

ئەحمەد شا مەسعوود، فەرماندەی هێزەکانی بەرگری نیشتیمانی پەنجشێر لەیەکەمین لێدوانیدا دوای کۆنتڕۆڵکردنی ویلایەتەکەی لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە رایگەیاند، دان بەوەدا دەنێن کە تەواوی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام رووبەڕوووبونەوەی ئەو بزووتنەوەیە بەردەوام دەبێت و داوای بەرپاکردنی شۆڕش دەکەن دژی تاڵیبان.

ئەحمەد شا مەسعوود کە لە رووبەڕووبوونەوەی چەند رۆژی رابردوویدا لەگەڵ چەکدانی تاڵیبان، ژمارەیەک لەفەرماندە و کەسە نزیکەکانی خێزانەکەی کوژراون و تائێستا چارەنووسی خۆی یەکلایی نەبوەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە پەیامێکی دەنگی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەرچەندە لەم کاتەدا تەواوی خاکی ئەفغانستان کەوتوەتە ژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبان، بەڵام بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێوارەی دوێنێ بەشێک لەسەرکردەکانی بەرگری نیشتیمانی پەنجشێر و ئەندامانی خێزانەکەم لەسەر دەستی چەکدارانی تاڵیبان کوژراون، هەروەها لەپێناوی رووبەڕووبوونەوەی دوژمن، داوا لەسەرجەم هاووڵاتیانی ئەفغانستان دەکەین دژی ئەو بزووتنەوەیە خۆپیشاندان و شۆڕش ئەنجام بدەن".

فەرماندەی هێزەکانی بەرگری نیشتیمانی پەنجشیر دەڵێت، "تاڵیبان کەسانی بیانی وەک چەکدار دامەزراندوە بۆ کوشتنی خەڵکی ئەفغانستان، بۆیە ئێمە هەموو دەستوەردانێکی بیانی لەناو ئەفغانستان رەتدەکەینەوە".

بەرەبەیانی ئەمڕۆش زەبیحۆڵڵا موجاهید، ووتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان لە هەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر بڵاویکردەوە، "دواین پێگەی دوژمنان لە ویلایەتی پەنجشێر بەتەواوی کۆنتڕۆڵکرا، لەئێستادا ویلایەتەکە بەتەواوی دەکەوێتەژێر ئەمارەتی ئیسلامی و سیستەمی سیاسی تاڵیبانەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرکردەکانی بەرگری نیشتیمانی پەنجشێر لەرووبەڕووبوونەوەکانیاندا شکستیان هێناوە و بەشێکی دیکەشیان هەڵاتوون، بەڵام خەڵکی ویلایەتەکە دڵنیا دەکەنەوە کە رووبەڕووی چەوساندنەوە و لێپرسینەوە نابنەوە.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە