ئەردۆغان : دۆخی نێوانمان لەگەڵ سیسی بە تەوقە کردنم ئاسایی دەبێتەوە
پەیامی کورد ... ئەردۆغان : دۆخی نێوانمان لەگەڵ سیسی بە تەوقە کردنم ئاسایی دەبێتەوە
دوای یەکەم پەیوەندی دوو قۆڵی نێوانیان، ئەردۆغان دەڵێت تەوقەکردنەکەی لەگەڵ سیسی هەنگاوێکە بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، تەوقەکردنەکەی لەگەڵ عەبدۆلفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر لە مەراسیمی کردنەوەی مۆندیالی ٢٠٢٢ لە قەتەر رۆژی یەکشەممە، هەنگاوی یەکەمە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، هەنگاوی دیکەش بەدوای خۆیدا دێنێت.
ئەردۆغان ووتی : "هیوادارم ئەو قۆناغەی لە نێوان ئێمە و لایەنی میسری دەستیپێکرد، دواتر لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاست بەرزەوە بگوازینەوە بۆ خاڵێکی باشتر "
ڕوونیشی کردەوە "تەنها داواکاریی ئێمە لە ئەوان (میسر) ئەوەیە کە بەو کەسانە بڵێن کە هەڵوێستی دوژمنکارانە لە دژی ئێمە لە دەریای ناوەڕاستدا دەگرنەبەر، ئێمە دەمانەوێت ئاشتی لە ناوچەکەدا بەرقەرار بکەین".
سەرۆککۆماری تورکیا لە پەراوێزی کردنەوەی جامی جیهانی فیفا ڕۆژی یەکشەممە لە قەتەر تەوقەی لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی کردووە، بەپێی ڕاپۆرتی سەرۆکایەتی تورکیا.
بەرپرسێکی سەرۆکایەتی تورکیا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە ئەمە "یەکەم پەیوەندی دوو قۆڵی" نێوان هەردوو سەرۆکە.
لە وێنەکەدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە ئەو دوو سەرۆکە کە "پەیوەندییان لە دوای دەستبەکاربوونی سیسی لە میسر لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی میسر تێکچوو، بە پێکەنینەوە تەوقەیان کردووە.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە