ئەردۆغان لەم ڕێگایەوە بە نیازی نزیکبوونەوە لە حوکمڕانی بایدن ە
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی "بلوومبێرگ"ی ئەمەریکی، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەیەوێت بەمەبەستی خۆنزیککردنەوە لە ئیدارەی جۆبایدن گریبەستێکی سەربازیی بە بەهای ٦ ملیار دۆلار لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا واژۆ بکات، کە خۆی لە کڕینی دەیان فڕۆکەی جەنگی جۆری F16 دەبینێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەم ئاژانسە ئەمریکی یە باسی لەوەکردووە کە رەجەب تەییب ئەردۆغان دەیەوێت لەمیانیە دیداری چاوەڕوانکراوی لەگەڵ بایدن کە وابڕیارە لە لووتکەی G20 لە رۆما بەڕێوەبچێت، داوا بکات سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر گرێبەستێک بۆ کڕینی چەکی ئەمریکی بۆ تورکیا پیشان بدات، لەپێشەوەیاندا فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی بەبەهای شەش ملیار دۆلار.
لەبەشێکی راپۆرتەکەی بلوومبێرگدا هاتووە" ئەنکارا لە سێپتەمبەری رابردووەوە بەمەبەستی نوێکردنەوەی هێزە ئاسمانییەکەی داواکاری کڕینی ٤٠ فرۆکەی جۆری F-16 بلۆک ٧٠ ی خستۆتە بەردەم حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوە جگە لە چەندین جۆر چەک و تەقەنیی تر.
ئاماژە بەوەشکراوە کە چەندین بەرپرسی ئەمریکی جەختیان کردوەتەوە کە زۆر زەحمەتە کۆنگرێسی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر تەواوکردنی گڕێبەستەکە بدات، ئەویش بەهۆی گرێبەستی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 ی رووسی لەلایەن تورکیا کە بەتەواوەتی واشینتۆن ی لە ئەنکارا تووڕەکردووە.
ئەو بەرپرسانە بە بلوومبێرگیان وتووە کە هێشتا نازانرێت کە ئایا بایدن بە گرێبەستەکە رازیی دەبێت یان نا، بەڵام جەختیان کردوەتەوە کە ئامانجی تورکیا جگە لە نزیکبوونەوە لە واشینتۆن ، بە نیازن فڕۆکەکانیان لەگەڵ سیستەمی جەنگی ناتۆ یەک بگرێتەوە.
دەبێت ئەوەش بوترێت کە پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 ی رووسی ، تورکیای لە بەرنامەی درووستکردنی فڕۆکەی جەنگی F-35 دوورخستەوە و سزای بەسەر دامەزراوەی سەربازی ئەو ووڵاتەشدا سەپاند.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە