ئەمریكا : هەموو جیهان دەزانێت ئێران هاووڵاتییانی سڤیلی لە هەولێر كردووەتە ئامانج
پەیامی کورد ... ئەمریكا : هەموو جیهان دەزانێت ئێران هاووڵاتییانی سڤیلی لە هەولێر كردووەتە ئامانج
ڕۆژی سێشەممە، بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان تەنها هاووڵاتی مەدەنی کردووەتە ئامانج، ئەو ڕاستییەش ئێران و عێراق و جیهانیش دەیزانن.
وەزارەتی دەرەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتەکانی ئێران کە گوایە ماڵی پێشڕەو دزەیی "بنکەیەکی سیخوڕی مووساد" بووە، بە بێ بنەما وەسف دەکات و پشتگیری خۆی بۆ حکوومەتی عێراق دووپاتکردووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوە هەروەها ڕایگەیاند، ئێران و عێراق و جیهانیش دەزانن هێرشە بێباکەکانی ئێران بوەتە هۆی کوژرانی چوار هاووڵاتی سڤیل کە تێیاندا کۆرپەلەش هەبووە، هەروەها ١٧ کەسیش برینداربوون".
وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، ئێران پەنای بردۆتە بەر دەستکاریکردنی وێنە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست بۆ پشتگیریکردنی قسەکانیان.
دەشڵێت: "ڕێژیمی ئێران سڵ ناکاتەوە لە درۆکردن بۆ پەرەدەپۆشکردنی هەڵسوکەوتەکانی کە بۆتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە".
ئەم بابەتە 12008 جار خوێندراوەتەوە