ئەمریکا بە نیازە دڵنیایی تەواوی هەبێت کە ئێران هەرگیز دەستى بە چەکى ئەتۆمى ڕاناگات
پەیامی کورد ... ئەمریکا بە نیازە دڵنیایی تەواوی هەبێت کە ئێران هەرگیز دەستى بە چەکى ئەتۆمى ڕاناگات
ووتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ئاماژەکردن بەوەى کە ئێران تەواو لە بەرجام دوور کەوتووەتەوە،پێداگرى لەسەر هەوڵى دەوڵەتەکەى سەرۆک بایدن کردەوە بۆ گرتنەبەرى ڕێوشوێنێکى درووست بۆ چاودێرى بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێران و زیاتربوونى زەمەنى بەرگرتن لە گەیشتنى ئەو ووڵاتە بە چەکى ئەتۆمى.
نێد پرایس ووتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، ڕۆژى چوارشەممە لە پرێس کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەوانیدا لە واشینتۆن ڕایگەیاند : "هەروەک ئانتۆنى بلیکن پێشتر ووتبووى، ئێمە لە نزیکەوە گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەش و شەریک و ئەندامانى کۆنگرە دەکەین و ئەم بەدواداچوونانە بە جیددى دەگرینە بەر".
پرایس ووتیشى ئەو کاتەى کە ئێران بە تەواوى پابەندى هەموو بەڵێنەکانى بوو لە بەرجام، خەریکى گەیشتن بە تواناى درووستکردنى چەکى ئۆتۆمى ١٢ مانگە بوو، بەڵام ئێستا لە دۆخێکدایە کە زۆر لەوەوە دوور کەوتووەتەوە. ئامانجى ئێمە ئەوەیە کە بەرنامەى ئەتۆمى ئێران سنووردار بکەینەوە و کۆنتڕۆڵە بکەین و دڵنیا بینەوە کە هەرگیز ئێران دەستى بە چەکى ئەتۆمى ڕاناگات و مەوداى گەیشتن بە ئەتۆمى لێ دوورتر و درێژتر بکەینەوە".
ووتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە ووڵامى پرسیارێک سەبارەت بە ئەوەى کە ئاخۆ دەوڵەتى نوێى ئەمریکا هێڵى سوورى لەبەرامبەر چالاکییە ئەتۆمییەکانى ئێران دیارى کردووە، ووتى: کە"لێرە و لەم کاتەدا بەرنامەیەکى کاتى تایبەت ناخاتە ڕوو".
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە