ئەمریکا : حەماس بارهەڵگرە هاوکارییەکان تاڵان دەکات
پەیامی کورد ... ئەمریکا : حەماس بارهەڵگرە هاوکارییەکان تاڵان دەکات
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە، حەماس ئەو بارهەڵگرە هاوکارییانەی بەرەو غەززە دەچن تاڵان دەکات و ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکان دەكات، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت: ئەو کارەی حەماس دەبێتە هۆی تێکدانی پلانی ئاشتی لە غەززە و دەبێت حەماس چەکەکانی دابنێت.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڤیدیۆیەکی بڵاو کردووەتەوە و کە تێیدا حەماس بارهەڵگرێکی هاوکارییان تاڵانان دەکات و نووسیویەتی: ناوەندی هەماهەنگی مەدەنی-سەربازی (CMCC) بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، چاودێریی ئۆپراسیۆنی تاڵان کردنی بەشێک لە بارهەڵگرە هاوکاری مرۆیی یەکان لە لایەن حەماس دەکرد، کە بۆ گەیاندنی یارمەتی پێویست لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانەوە بە هاووڵاتییانی غەززە لە باکووری خان یوونس بەڕێ کەوتبوون.
ڕاشیگەیاندووە، چەکدارەکان سەرەتا هێرشیان کردە سەر شۆفێری بارهەڵگرەکە و دواتر هاوکارییەکەیان دزی، تاوەکوو ئێستا چارەنووسی شۆفێرەکە دیار نییە. هۆشداریشی داوە، ئەو ڕووداوە لێکەوتەی خراپی لێ دەکەوێتەوە.
ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە