ئەمریکا داوای ڕێکخستنی چالاکییە سەربازییەکانی لەگەڵ تورکیا دەکات

پەیامی کورد   ...  ئەمریکا داوای ڕێکخستنی چالاکییە سەربازییەکانی لەگەڵ تورکیا دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە وەزیری دەرەوەی تورکیای راگەیاندوە، هەڕەشە تیرۆرستییەکان لە سووریا بێت یان عێراق، کێشە بۆ ئاسایشی ئەمریکا و تورکیا درووست دەکەن، بۆیە پێویستە چالاکییە سەربازییەکانیان رێک بخەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆیان لە بارەی بۆردوومانەکانی سووریا کرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندوە، هەرەشە تیرۆرستییەکان لە سوریا بێت یان لە عێراق، کێشە بۆ ئاسایشی ئەمریکا و تورکیا و هاوپەیمانەکانیان درووست دەکات، بۆیە پێویستە هەماهەنگی چالاکییەکانیان رێک بخەن.

هەر لەو کۆبوونەوەیە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو، واشینتۆن هاوپەیمانی تورکیایە، بۆیە پێویستە لە پشتیوانیکردنی پەکەکە و یەپەگە بوەستێت، تورکیا لە ئۆپراسیۆنە سەربازیییەکانی لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبێت.

ئەوەش لە دوای ئەوە دێت، لە ماوەی رابردوو هێزی ئاسمانی تورکیا چەندین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بارەگای هێزە کوردییەکان و کۆگا و بیرە نەوتییەکانی رۆژئاوای سووریا ئەنجامدا، هەوەرها فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لە نزیک بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا خرایە خوارەوە.


ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە