ئەمریکا سوورە لە یەکگرتن و دانووستانی نێوان ئەنەکەسە و تەڤدەم و هەروەها لایەنە کوردییەکانی دیکەی ڕۆژئاوا

پەیامی کورد      ...   ئەمریکا سوورە لە یەکگرتن و دانووستانی نێوان ئەنەکەسە و تەڤدەم و هەروەها لایەنە کوردییەکانی دیکەی ڕۆژئاوا

ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا گوتی، ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی بە زووترین کات گفتوگۆی نێوان ئەنەکەسە و تەڤدەم دەست پێ بکاتەوە و بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام پێویستە سەرەتا کەشەکە لەبارە بێت، ئەوکات دانووستانەکان دەست پێ بکەنەوە و ئەمەریکاش دەتوانی ئەو کارە بکات.

جەدعان عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، ووتی: "لە ماوەی ڕابردوو تەڤدەم تەعەدای زۆری لە ئەنەکەسە کردووە و زیانی بە نووسینگەکانی ئەنەکەسە گەیاندووە و ھەڕەشە لە کەسوکاری پێشمەرگەی ڕۆژ دەکەن و لێدوان دژی ئێمە دەدەن و دۆخەکەیان ئاڵۆز کرد کە دانووستان بوەستێت، بۆیە ئەنەکەسەش داوای کرد کە داوای لێبوردن لە ئێمە بکەن و کەشێکی لەبار هەبێت بۆ ئەوەی دانووستان دەست پێ بکەنەوە.''

جەدعان عەلی گوتیشی: "ئێستا ئەمریکا ھاتووەتە سەر خەت و سوورە لەسەر ئەوەی بە زووترین کات دانوستانەکان دەست پێ بکەنەوە، بەڵام پێویستە ئەمریکا کەشێکی گونجاو بۆ دانووستانەکان بڕەخسێنێت، چوونکە ناکرێت بەم ھەموو تەشەنوجاتەوە دانووستان بکرێت، پێویستە پەیوەندی خۆش بێت بۆ ئەوەی دانووستانی ئیجابی بکرێت."

عەلی باسی لەوەش کرد: "لە ماوەی ڕابردوو چەند هەنگاوێکی گرنگ نراوە، وەکوو ڕێککەوتنی سیاسی و لێڤەگەڕی باڵا و، ماوەتەوە لە بواری ئیداری و سەربازیدا بگەنە ڕێککەوتن و ئەگەر دانووستان دەست پێ بکەنەوە لەسەر ئەو خاڵانە دەبێت، کە ڕێککەوتن لەسەر ھەموو خاڵەکانیش کرا ئەوکات بەیانی کۆتایی لەبارەی ڕێککەوتنەوە ڕادەگەێندرێت و ئەمریکاش چاودێریی پرۆسەی دانووستانەکان دەکات و سوورە لەسەر ئەوەی لایەنەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بگەنە ڕێککەوتن."


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە