ئەمریکا سیستەمە مووشەکییە پاترییۆتەکانی خۆی لە سەعوودییە کشاندووەتەوە
پەیامی کورد ... ئەمریکا سیستەمە مووشەکییە پاترییۆتەکانی خۆی لە سەعوودییە کشاندووەتەوە
ئاژانسی ئەسۆشەیتێد پرێس بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەم دواییانەدا هەندێک لە سیستەمی بەرگری پێشکەوتووی خۆی، لەوانە مووشەکی پاترییۆت لە سەعوودیە کشاندوەتەوە، سەرەڕای بەردەوامبوونی هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر شانشینەکە.
ئاژانسەکە ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، هەندێک وێنەی سەتەلایتی گیراون کە پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە ژمارەیەک لە پاتری پاترییۆت و سیستەمی بەرگری سوپای ئەمریکا کە لە بنکەی ئاسمانی شازادە سۆڵتان لەسەر ڕووبەری نزیکەی یەک کیلۆمەتری چوارگۆشە جێگیرکرابوون، کشێندراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، وێنەکان ٩ی ئەم مانگە گیراون، لەکاتێکدا سیستەمەکان لەگەڵ چەند هەزار سەربازێکی ئەمریکا دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ هێرش کرایە سەر ئارامکۆ جێگیرکران، لەگەڵ ئەوەشدا دەردەکەوێت لە ئێستادا چالاکی و جمووجووڵەکانی ئۆتۆمبێل بەردەوامن.
جۆن کێربی، ووتەبێژی پێنتاگۆن لە ووڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئەسۆشەیتێد پرێس راگەیاند، پێنتاگۆن دووبارە چەند سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی لە سەعوودیە بڵاودەکاتەوە، هاوکات جەختی لەسەر پابەندبوونی "فراوان و قووڵ" واشینتۆن بۆ هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.
باسی لەوەشکرد، حکوومەتی ئەمریکا هەزاران سەربازی و پێگەی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پاراستوە، لەوانە بەرگری ئاسمانی پێشکەوتو و توانای دەریایی، لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا و هاوبەشە هەرێمییەکانی.
لایخۆیەوە وەزارەتی بەرگری سەعوودییە لە بەیاننامەیەکدا دانی بە کشانەوەی هەندێک لە سیستەمەکانی ئەمریکادا دانا و رونیکردەوە، کە ئەو هەنگاوە بەشێکە لە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش و پێداچونەوەی ستراتیژییەکانی بەرگری.وەزارەتەکە پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و واشنتنی بە بەهێزو درێژ و مێژوویی وەسفکرد و جەختی لەسەر توانای سوپای سەعوودیە کردەوە بۆ بەرگریکردن لە خاکی شانشینەکە.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە