ئەمریکا و ئەورووپا : سزای نوێ ڕووسیا دەدرێت و سزاکانی پێشووتریشی قورستر دەکرێت
پەیامی کورد ... ئەمریکا و ئەورووپا : سزای نوێ ڕووسیا دەدرێت و سزاکانی پێشووتریشی قورستر دەکرێت
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ جۆ بایدن و وەزیرى بەرگرى ووڵاتەکەمان سەردانى بەلجیکا دەکەن لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە ئەورووپا کۆدەبنەوە و هەردوولا سزاى دیکە بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنن، ئەو سزایانەش توندتر دەکەنەوە، کە پێشتر بەسەر ئەو ووڵاتەدا سەپێندراون.
جەیک سۆلیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ جۆ بایدن بە هاوەڵی لوەید ئۆستن وەزیری بەرگری ووڵاتەکەمان سەردانی بڕۆکسل دەکات، کە بارەگاکانی هاوپەیمانیەتی ناتۆ و یەکێتی ئەورووپای تێدایە و لەکاتى سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرکردەکانى هاوپەیمانێتی ناتۆ و یەکێتی ئەورووپادا کۆدەبێتەوە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا وتووشیەتى: سەردانى سەرۆکى ووڵاتەکەمان بۆ بڕۆکسل و کۆبوونەوەى لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان دەرفەتێک دەبێت تاوەکو هەماهەنگی زیاتر بکرێت لەسەر هەنگاوەکان لەبارەى یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ئۆکراین و بەشداریش دەبێت لە سەپاندنی سزای دیکە بەسەر ڕووسیادا، هەروەها تووندکردنەوەى ئەو سزایانەی، کە پێشتر بەسەر ئەو ووڵاتەدا سەپێندراون.
جەیک سالیڤان باسی لەوەشکردووە: دوای سەردانەکەی بۆ برۆکسل، سەرۆکى ووڵاتەکەمان سەردانی هێزەکانمان لە پۆڵەندا دەکات ئەوەش وەک پیشاندانى پاڵپشتی ئەمریکا بۆ پۆڵەنداى هاوپەیمانى، کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکراین.
هاوکات، بە ووتەى بەرپرسانى یەکێتیی ئەورووپا لە ئێستادا لەگەڵ ئەمریکا ئامادەکاریی دەکەن بۆ سەپاندنی گەڕى پێنجەمى سزاکانیان بەسەر ڕووسیادا، کە یەکێک لە بژاردەکان قەدەغەکردنی کڕینی نەوتی ڕووسیایە لەلایەن ووڵاتەکانیانەوە.
ڕۆژى ٩ ى ئەم مانگە دیمێتری بیریچێڤسکی، بەڕێوبەری بەشی هاریکاریی ئابووریی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، کاردانەوەی ڕووسیا لەبەرامبەر زیادکردنى سزاکانى سەر وڵاتەکەمان خێراتر دەبێت بەشێوەیەک دەبێت، کە ئەوان لە وڵاتەکانى خۆیان بە شێوەیەکى فراوان هەستی پێبکەن و زیانیان پێبگەیەنێت.
دوێنێ ئەلێکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ڕایگەیاند: لە حاڵەت و ئهگهرى سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی نەوتی وڵاتەکەمان و هەروەها دەستبەرداربوونی ووڵاتانى ڕۆژئاوا لە کڕینی نەوتەکەمان، ئەوا نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە ٣٠٠ دۆلار .
جێگاى ئاماژەیە، بەرەبەیانی ڕۆژى ٢٤ ى مانگى ڕابردوو ڤلادیمێر پووتینی سەرۆکی ڕووسیا دەستپێکردنی هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا ڕایگەیاند و ئەوەش نیگەرانى بەشێکى زۆرى وڵاتانى جیهانى بەدواى خۆیدا هێنا و لەوچوارچێوەشدا بەشێک لە وڵاتان سزاى ئابوورییان بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە