ئەمریکا و بەریتانیا: لەسەر بابەتی هێرش بۆ سەر نەوت هەڵگرەکە ووڵامێکی گونجاو بە ئێران دەدەینەوە
پەیامی کورد ... ئەمریکا و بەریتانیا: لەسەر بابەتی هێرش بۆ سەر نەوت هەڵگرەکە ووڵامێکی گونجاو بە ئێران دەدەینەوە
''ئانتۆنی بلینکێن'' وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کردنە ئامانجی نەوتهەڵگری ئیسرائیلی لە دەریای عەرەب لە نزیک کەنارئاوەکانی عۆممان ووتی: ''هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر نەوتهەڵگرەکە لە دەریای عەرەب هیچ پاساوێک هەڵناگرێت''.
''بلینکێن'' ڕۆژی یەکشەممە ١ی ئۆگۆستی ٢٠٢١ ، لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە کە واشینتۆن بۆ ووڵامێکی گونجاو بە کۆماری ئیسلامی لە حاڵی هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتانە.
هاوکات ''دۆمینیک ڕاب'' وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئێران ی تاوانبار کرد کە بەرپرسی هێرشی بەئەنقەسەت و ئامانجدار بۆ سەر نەوتهەڵگرە ئیسرائیلیەکە لە نزیک دەریای عۆممانە.
ناوبراو گوتی: ''بەریتانیا بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانە نێونەتەوەییەکانی خۆی هەوڵ دەدات هەتا ووڵامێکی بەهێز بەو هێرشە بداتەوە''.
''ڕاب'' هەروەها جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ ئەم چەشنە هێرشانە ڕابگرێت و کەشتییەکان دەبێ بەپێی یاسای نێونەتەوەیی ئازادانە هاتووچۆ بکەن.
هەروەها ''نەفتالی بێنت'' سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هێرش بۆ سەر کەشتی ئیسرائیلی لە دەریای عەرەبی بە هەڵەیەکی گەورە وەسف کرد و ووتی، ڕێژیمی ئێران ترسەنۆکانە دان بەو هێرشەدا نانێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی: ''ئەو هێرشە ئاکاری دەستدرێژانەی ڕێژیمی ئێران بە جیهان نیشان دەدات''.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جووڵای ٢٠٢١ ، کەشتییەکی بازرگانی ئیسرائیل لە ئاوەکانی دەریای عەرەب بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کرایە سەر و لە ئاکامدا دوو کەس لە کارمەندانی کەشتییەکە کوژران.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە