ئەمریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکراین ی بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار راگەیاند

پەیامی کورد   ...  ئەمریکا پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکراین ی بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار راگەیاند

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە دابینکردنی پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکراین بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار راگەیاند، کە راستەوخۆ لە پشکی وەزارەتەکە وەردەگیرێت.
پاکێجە نوێیەکە بریتییە لە تەقەمەنی زیادە بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی، تۆپخانە، ئامێری پاککردنەوەی مین و بەربەست، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن ، تۆپخانەی 155 ملم و 105 ملم، مووشەکی TOW و Javelin، موشەکی دژە تانک و تەقەمەنی بۆ چەکی سووک، جگە لە یەدەگ و پارچەی چاککردنەوە و ئامێرەکانی تری مەیدانی.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردوە، هاوکارییە نوێیەکان بۆ ئۆکراین دەچنە ناو مەیدان و پاڵپشتی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ووڵاتەکە دەکەن.

ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ڕووسیا "بەردەوامە لە لەشکرکێشییەکی دڕندانە کە بوەتە هۆی کوژرانی زۆرێک لە هاووڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکراین و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی ئەو ووڵاتە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر بەندەرەکانی ئۆکراین و ژێرخانی دانەوێڵە "بوەتەهۆی ناجێگیری نرخەکان لە بازاڕەکانی خۆراک و دانەوێڵە و برسێتی جیهانی و نائاسایشی خۆراکی لە سەرانسەری جیهاندا تووندتر کردوە".

لە بەیاننامەکەدا هاتوە، روسیا ئەم شەڕەی دەستپێکردوە و دەتوانێت لە هەرکاتێکدا کۆتایی پێبهێنێت بە کشانەوەی هێزەکانی لە ئۆکراین و وەستاندنی هێرشە دڕندەکانی، تا ئەوکاتەی ئەوە ڕووبدات، ئەمریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی بە یەکگرتوویی لەگەڵ ئۆکراین دەوەستن گرینگ نییە ئەوە چەندە دەخاینێت.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا یارمەتی سەربازی زیاتری بۆ دابینکردنی پێداویستییە ئەمنی و بەرگرییە گرینگەکانی ئۆکراین راگەیاند، ئەوەش لەنێو وەجبەی 44هەمین ئەو ئامێرانەیە کە لەلایەن ئیدارەی سەرۆک جۆ بایدنەوە لە پشکەکانی وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ ئۆکراین لە مانگی (ئاب/8)ی 2021ەوە دابینکراوە.

ئیدارەی ئەمریکا لە چەندین بۆنەدا جەختی لەوە کردوەتەوە، کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانی بۆ پێش خستنی تواناکانی ئۆکراین کە پێویستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە دەست بەجێیەکانی سەنگەرەکان و پێداویستییە درێژخایەنەکانی هاوکاری ئەمنی.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە