ئەمریکا : ڕووسیا بۆ هێرشی هەمە لایەنە بۆ سەر ئۆکراین ئامادە دەبێت " پێشبینی کوژرانی ٥٠ هەزار کەسی سڤیل دەکرێت"
پەیامی کورد ... ئەمریکا : ڕووسیا بۆ هێرشی هەمە لایەنە بۆ سەر ئۆکراین ئامادە دەبێت " پێشبینی کوژرانی ٥٠ هەزار کەسی سڤیل دەکرێت"
ئەمریکا ڕایگەیاندووە ڕووسیا بۆ هێرشی هەمەلایەنە بۆ سەر ئۆکراین ئامادەکاری زۆرینەی خۆی جێبەجێ کردووە .
بە پێی ڕاپۆرتێک لە زاری فڕانس ٢٤ ەوە ، بەرپرسانی ئەمریکی بە پشت بەستن بە هەڵسەنگاندنی زانیاری گەلێک ڕایانگەیاندووە کە ڕووسیا ئامادەیی پێویستیان بۆ هێرشی هەمە لایەنە بۆ سەر ئۆکراین زیادی کردووە ، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا مۆسکۆ بڕیاری ئەنجامدانی هەنگاوێکی لەم شێوەیەی هەیە یا خود نا .
ڕووسیا ١١٠ هەزار سەربازی لە درێژایی سنوور لەگەڵ دراوسێی لایەنگری ووڵاتانی ڕۆژئاوایی خۆی کۆکردوەتەوە بەڵام زانیارییەکانی ئەمریکا ئاشکرای نەکردووە کە ئایا سەرۆککۆمار ڤلادیمیر پووتین ڕاستەقینە بڕیاری هێرش کردنی گرتووەتەبەر یا خود نا .
بەرپرسانی ئەمریکی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت بە نوێنەرانی کۆنگرەیان ووتووە ڕووسیا لەگەڵ زیادکردنی هێزەکانی خۆی بۆ ١٥٠ هەزار کەس لە سنوورەکانی لەگەڵ ئۆکراین لەوانەیە توانایی ئەوەی هەبێت کە تا کۆتایی ئەم دوو هەفتەیە هێرش بکاتە سەر ئۆکراین .
بە ووتەی بەرپرسانی ئەمریکی ئەگەر مۆسکۆ هیرشێکی تەواو عەیار هەڵبژێرێت هێزەکانی دەتوانن پایتەختی ئۆکراین داگیر بکەن و ڤلادیمیر زێلێنسکی سەرۆککۆماری ئەم ووڵاتە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا بڕۆخێنن .ئەوان وا لێکیان داوەتەوە کە لە هێرشێکی لەم شێوەیەدا لە نێوان ٢٥ تاکوو ٥٠ هەزار کەسی سڤیل لەگەڵ ٥ هەزار تاکوو ٢٥ هەزار سەربازی ئۆکراینی و ٣ هەزار تاکوو ١٠ هەزار سەربازی ڕووسی دەکوژرێن .
بەرپرسانی ئەمریکی هەروەها ووتیان ، کە ئەم هێرشە دەتوانێ ببێتە هۆی ڕوودانی کارەساتی پەنابەران لە یەک تاکوو ٥ میلیۆن کەس و زۆربەشیان بەرەو لەهێستان بڕۆن .
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە