ئەمریکا ڕێککەوتننامەیەکی سەربازی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژوو دەکات

پەیامی کورد   ...   ئەمریکا ڕێککەوتننامەیەکی سەربازی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژوو دەکات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ناوی بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە، ڕێککەوتننامەیەکی سەربازی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژوو دەکات.

رۆژنامەی "نەشناڵ"ی بەریتانی لەراپۆرتێکدا کە پشتی بە لێدوانی بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەستووە، باسی لەوەکردووە کە لەم نزیکانە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا یاداشتنامەیەکی لێک تێگەیشتن واژوو دەکەن کە بەپێی ئەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەرێگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشەوە راهێنانی سەربازی زیاتر بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و هاوکاری پێشکەش بەو هێزانە دەکات.

لای خۆیەوە، فەرماندەی پڕۆسەی ئیرادەی پۆڵایینی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش وتوویەتی: هەوڵە هاوبەشە بەردەوامەکانمان و هاوکارییەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرینگە بۆ شکستپێهێنانی بەردەوامی داعش و بەرهێزکردنی سەقامگیری ناوچەکە.

رۆژنامە بەریتانییەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا پارێزگاری لە هەژموونی سەربازی خۆی لە عێراق دەکات و لەگەڵ ئەوەی بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق هەیە بۆئەوەی سەرجەم هێزە بیانییەکان ئەو ووڵاتە جێبهێڵن، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی بوونی سەربازی خۆی لەعێراق بپارێزێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک لەم هەفتەیەدا لە گەشتێکی هەرێمایەتییدا سەردانی عێراقی کرد و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە ئەوان پابەندن بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئامانجی چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوبەشەکان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هەردوو گەل.

رۆژنامە بەریتانییەکە ناوەرۆکی ڕێککەوتنە سەربازییەکەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەمریکای ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەکردووە کە پێدەچێت حکوومەتی ناوەندی لەبەغدا ئاگاداری ناوەڕۆکەکەی نەبێت.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە