ئەمساڵ ١٢ پڕۆژەی وەبەرھێنان بە سەرمایەی ٦٥ ملیۆن دۆلار مووڵەتیان پێدەدرێت

پەیامی کورد   ...  ئەمساڵ ١٢ پڕۆژەی وەبەرھێنان بە سەرمایەی ٦٥ ملیۆن دۆلار مووڵەتیان پێدەدرێت

بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەمساڵ مووڵەت بە ١٢ پڕۆژەی وەبەرھێنان دەدرێت، سەرمایەی پڕۆژەکانیش ٦٥ ملیۆن دۆلارە، دەشڵێ: وەبەرھێنانی زاخۆ ٢٨ پڕۆژەی دیکە ڕادەگەێنێ بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران ئەنجامیان بدەن.

جێگەرخوین تاھر، بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ ڕایگەیاند: پێداچوونەوەی کۆتایی بۆ ١٢ پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کراوە و مووڵەتیان پێدەدرێت، سەرمایەی ئەو ١٢ پڕۆژەیە ٦٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە، لەوانەش دوو پارکی مۆدێرن و پڕۆژەیەکی وەرزشی و پڕۆژەیەکی تەندرووستی و چەندانی دیکە.

بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ دەشڵێت: ئێمە ٢٨ پڕۆژەی دیکەمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ڕایانبگەێنین، ھەر وەبەرھێنەرێک بیەوێ بەشداربێت لە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات، ئەو پڕۆژانەی ڕایاندەگەیەنین زۆربەی کەرتەکان لەخۆ دەگرێت.

جێگەرخوین تاھر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەپێی پلانی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ بۆ ئەمساڵ گرینگی بە ستانداردکردنی پڕۆژەکان دەدرێت، لە ھەموو پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بەپێی ستانداردی جیھانی سیستەمی پاراستنی پڕۆژەکان لە بوومەلەرزە و ڕێوشوێنی تایبەت بە کەم ئەندامان دەگرینەبەر، ھەروەھا کاردەکەین بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی لە زاخۆ زیاد بکرێت.


ئەم بابەتە 12012 جار خوێندراوەتەوە