ئەمساڵ پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە تەواو دەکرێت
پەیامی کورد ... ئەمساڵ پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە تەواو دەکرێت
بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان ووتی "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، ھاوتا لەگەڵ پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی خێرای ھەولێر، پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی قوشتەپەش دەکەوێتە کار کە ئاوی قوشتەپە و بێستانە و ٧٢ گوندی دەورووبەری دابین دەکات."
ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "گەیاندنی ئاوی پاکی خواردنەوە بە تەواوی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، لەو پێناوەش ئێستا چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە جێبەجێکردن دان، بڕیارە تا پێش کۆتایی ئەمساڵ، دوو پڕۆژەی ستراتیژی، کێشەی کەم ئاوی ھەولێر بۆ زیاتر لە ٣٠ ساڵ چارە بکەن."
ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایشیگەیاند "لەگەڵ پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی ھەولێر، پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی قوشتەپەش جێبەجێ دەکرێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٢٢ ملیار و ٣١ ملیۆن دیناری بۆ دابین کردووە، لە ماوەی ٧٢٠ ڕۆژ لە ڕۆژی دەستبەکارکردنەوە لە ٢٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەتی ھاووڵاتییان، کە کۆمپانیای ئاوزان پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری ١٣٧،٨٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە جێبەجێ دەکات، تا ئێستا سەدا ٣٥ـی کارەکانی ئەنجام دراون."
لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و ئەو ھەڕەشانەی لە ئایندە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە، ئەندازیار ئاری ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد "ژیان لەوەتەی دەستی پێکردووە و بە بەردەوامیش، کێشە و گرفتەکانی ھەر دەمێنن و کۆتایی نایێت"
وایشی مەزەندە کرد، شەڕی ئایندەی جیھان لەسەر ئاو دەبێت، باوی شەڕ لەسەر نەوت و زێڕ و کانزاکان نامێنێت، مرۆڤ شەڕ بۆ مانەوەی خۆی دەکات، ئاویش سەرەکیترین سەرچاوەی مانەوەی مرۆڤە.
سەبارەت بە ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی کێشەی کەمئاوی، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژەی بەوە کرد "دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ و بونیاتنانی یەکەم کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە پشتیوانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ھەوڵ درا پرۆسەی دابینکردنی ئاو بەشێوەیەک بەردەوام بێت کە خزمەتگوزارییەکە بەردەوام بێت و پەکی نەکەوێت، تاکوو ساڵی ٢٠٠٣ و کۆتایی ھێنان بە ڕژێمی ئەو کاتی عێراق و پێکھێنانی حکوومەتێکی نوێ، لە ھەرێمی کوردستان پرۆسەی گەشانەوە و ئاوەدانی دەستی پێکرد."
ئاماژەی بەوەش کرد "لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، لەگەڵ فراوانبوونی شار و شارۆچکەکان و ناوچەکان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، سەرەکیترین خزمەتگوزاری کە ئاوە، بووە پڕۆژەی ھەرە لەپێشینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاووڵاتییان."
ئەندازیار ئاری ئەحمەد ڕایگەیاند "لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ـەوە بە دەیان پڕۆژەی ئاو جێبەجێ کراون، بە ھەزاران کیلۆمەتر تۆڕی ئاو داندراوە، سەرباری ئەوەش بە ھەزاران بیر وەک سەرچاوەی ئاو لێدراوە، بە ھەزاران سەرچاوەی ئاویش دۆزراونەتەوە و دواتر کراونەتە پڕۆژە و بوونەتە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ھاووڵاتییان."
ئەوەشی خستە ڕوو "پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ھەولێر، بە شێوەیەک نەخشە و پلانی بۆ داڕێژرابوو بگاتە قوشتەپە و دەورووبەری، بەڵام بەھۆی فراوانبوونی زیاتری شار و ناوچەکانی دەورووبەری، پلانەکە گۆڕا بۆ ئەوەی بۆ قوشتەپە و دەوروبەری پڕۆژەیەکی ستراتیژی تایبەت جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەش پڕۆژەیەک پێشکەشی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی کرا."
لە بارەی ئەو پڕۆژەوە ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایگەیاند "بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی تایبەت بۆ قوشتەپە و گوندەکانی دەورووبەری جێبەجێ بکرێت، پلانێک پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسروور بارزانی کرا، بە سوپاسەوە بڕیاری تەرخانکردنی بوودجەیەکی تایبەتی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دا و دەست بە کارەکانی کرا."
بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئاشکرای کرد "پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و ئاو لە زێی بچووکەوە لە نزیک گوندی قەشقەی سەر بە ھەولێر وەردەگرێت.
پڕۆژەکە توانای ھەیە نزیکەی ٣ ھەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێک و ٧٢ ھەزار مەتر سێ جاش لە ڕۆژێکدا بپاڵێوێت و بەسەر زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەسی ناوچەکەدا دابەشی بکات.
لە ماوەی چوار مانگدا سەدا ٣٥ـی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە، سەدا ٨٥ـی کەلوپەل و پێویستییەکانی لە ئایندەیەکی نزیک دەگەنە پرۆژەکە."
بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایگەیاند "ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانییە، کۆتایی مانگی ١٠ و سەرەتای مانگی ١١ دوا کات بێت بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، ھاوتا لەگەڵ پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی ھەولێر کە بەیەکەوە بکەونە خزمەتی ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر و دەورووبەری، بەمەش ئاو دەگاتە قوشتەپە و بێستانە و ٧٢ گوندی ناوچەکە و کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی دێت."
ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە