ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد
پەیامی کورد ... ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بوو، لە بڕگەی یەکەمدا، سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە میلاکی گشتی و هێزی کاری کەرتی گشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ژمارە و داتا و زانیاری وورد لە سەر ئەم بابەتە و پێشنیار و چارەسەری پێویستی خستەڕوو، بەمەبەستی بە دامەزراوەییکردنی پرۆسەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی ، بە ڕەچاوکردنی پەیکەری کارگێڕی وبەڕێوەبردنی پێکهاتەی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم.
لەمبارەیەوە پێشنیارو ڕاسپاردەی پێویستی بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و ئەرکی گشتی بە شێوەیەکی زانستی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان پێشکەش کرد کە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کەرتی ئەرکی گشتی ، دواتر لە نێو ڕاپۆرتەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی، ئەنجامی پرۆسەی ووردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە میلاکی گشتی و ئاماژەیدا بەوە دا کە سەرجەم خشتە و زانیاری و ژمارەکان خراونەتە بەردەم تیمی هاوبەشی ووردبینی و لە ئەنجامدا دوای وردبینی، خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم پێشکەش بەهەردوو حکوومەتی فیدڕاڵی وهەرێم کرا کە هەنگاوێکی گرینگە بە ئاراستەی دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران.
دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە، ئەنجوومەنی وەزیران چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی پەسەند کرد لە پێناوی بە دامەزراوەییکردنی زیاتری کەرتی ئەرکی گشتی و هێزی کار لە دامەزراوەکانی هەرێم، هەروەها سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕاسپێردران کە هاوکاری ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پەسەندکران، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچووونیش ڕاسپێردرا بۆ ڕەخساندنی هەماهەنگی بۆ ئەم مەبەستە.
لە بڕگەیەکی دیکەی کارنامەکە، گفتوگۆ دەربارەی جێبەجێکردنی چەند ماددە و بڕگەیەکی دیکەی یاسای چاکسازی کرا تایبەت بە بواری خانەنشینی کە لەلایەن عەبدۆلحەکیم خەسرەو سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی یەوە خرایەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی گرینگی بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە پرۆسەیەکی ستراتیژی بەردەوامە بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی ئەرکی گشتی و خانەنشینی لە هەرێم لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی دادپەروەری و شایستەبوون لە سوودمەندی لە بوودجەی گشتی ، لە هەمانکاتدا، ئەنجوومەن جەختی لە سەر گرینگی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کردەوە کە ئامانج لێی داکۆکیکردنە لە مافەکانی مووچەخۆری شایستە کە پێویستە مافیان پارێزراو بێت.
ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە