ئەمڕۆ ٢١ ساڵ بەسەر کۆچى دوایی " ئەحمەد کایا "ى هونەرمەندى گەورەى کورد تێدەپەڕێت

پەیامی کورد      ...    ئەمڕۆ ٢١ ساڵ بەسەر کۆچى دوایی " ئەحمەد کایا "ى هونەرمەندى گەورەى کورد تێدەپەڕێت

ئەحمەد کایا گەورە هونەرمەندى کوردان بناسە کە تورکیاى وەزاڵە هێنا


 ژیانی کایا :
 ئەحمەد کایا ساڵى ١٩٥٧ لە ماڵاتیای باکووری کوردستان، لە دایکێکی تورک خەڵکی ئەرزەڕووم و باوکێکی کورد لەدایک بووە. خێزانی کایا بۆ ژیانێکی باشتر ڕوو لە ئیستانبووڵ دەکەن و لە گەڕەکی کۆجا موستەفا پاشا نیشتەجێدەبن.
 لە تەمەنى هەرزەکارى لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی "گرووپی یەکەکانی گەل"ـیان دانا و لە چەند چالاکییەک سازی ژەنی . سەرەتا هیچ هونەرمەندێک ئامادە نەبووە کاری لەگەڵ دا بکات و هاوکاری بکات، بەڵام دواتر بە هاوکاری هاوڕێیەکانی یەکەم ئەلبوومی خۆی تۆمار دەکات، کەچى قەدەغە کرا.
یەکەم ئەلبوومی کایا ناوی "مەگری ئازیزم" بوو، دووەم ئەلبووم یشی ناوی "دانگرتن بە ئازاردا" بوو. دوای بڵاوکردنەوەی دووەم ئەلبووم لە ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ گۆلتەن خەیاڵئۆغڵوی خوشکی شاعیری بەناوبانگی کورد یوسف خەیاڵئۆغڵودا هاوسەرگیری کرد. ساڵی ١٩٨٦ ئەلبوومێکی دیکەی بە ناوی "کاتەکە دێت" بڵاوکردەوە کە هۆنراوەی سەرجەم گۆرانییەکان خۆی نووسیبوونی. ساڵی ١٩٨٧ ئەلبوومی "دیموکرات"ی بڵاو کردەوە کە هۆنراوەی سەرجەم گۆرانییەکان خەیاڵئۆغڵو نووسیبووی . ساڵى ١٩٨٨ ئەلبوومی "یاخی دەبم"ی بڵاو کردەوە کە دوو گۆارنییان هۆنراوەکانی هی خەیاڵئۆغڵو بوون.
 ساڵى ١٨٩ ئەلبوومی "گوڵێکی گەشبین"ی بڵاو کردەوە . ساڵی ١٩٩٠یش ئەلبوومی "دیواری خۆشەویست"ی بڵاو کردەوە. ساڵی ١٩٩٠ و ١٩٩٢ مۆسیقای بۆ هەردوو فیلمی تەتەر رەمەزان و تەتەر رەمەزان لە تاراوگەی دانا . ئەلبوومی "گۆرانییەکانم بۆ شاخەکان" بە فرۆشتنی دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دانە ریکۆردی شکاند.
 لە یەکێک لە گۆرانییەکاندا بە ناوی "بانگی ئازادی" ئەم دێڕە هۆنراوەیە هاتبوو: کۆرپەکەم کاکەت رۆژێک لە شاخ دەگەڕێتەوە و ئامێزی پێدا دەکەیت . ئەلبوومەکە لە بازاڕدا کۆ کرایەوە و قەدەغە کرا، بڕیار درا کۆنسێرت کردنیشی لێ قەدەغە بکرێت.
 کایا ئەو گۆرانیبێژە بوو کە بە زمانی تورکی باسی لە ئازاری کورد دەکرد، لە ٢٠ ئەلبووم دا تەنها یەک گۆرانی کوردی هەیە بە ناوی کەرڤان.
لەبەر کارەکانى، وەک خۆی دەڵێت دەزگای ئاسایش بوو بوو بە دووەم ناونیشان و ماڵی ئەو، بەڵام هەرگیز لە بۆچوون و هەڵوێستەکانی پەشیمان نەبووە و هیچ ئازار و فشارێک راینەگرت.
 لە ساڵى ١٩٩٩ لە هۆڵی کۆنگرەی هۆتێلی پرێنسس لەلایەن کۆمەڵەی رۆژنامەوانانی مەگەزین مەراسیمێکی خەڵات بەخشین رێکخرا و خەڵاتی باشترین هونەرمەندی ساڵی بەدەست هێنا.
لە ووتاری خەڵات وەرگرتنەکەدا ئەحمەد کایا ووتی، بۆ ئەم خەڵاتە سوپاسی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، دایکانی شەممە، هەموو کارمەندانی راگەیاندن و سەرجەم گەلی تورکیا دەکەم. روونکردنەوە و پەیامێک یشم هەیە؛ لە ئەلبوومێکدا کە رۆژانی داهاتوو بڵاوی دەکەمەوە و ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنیم، گۆرانییەکی کوردیش دەڵێم و کلیپیشی بۆ دەکەم. دەزانم تەلەفیزیۆنی بە جورئەت هەن گۆرانییەکە بڵاوبکەنەوە، ئەگەر بڵاوی نەکەنەوە نازانم خەڵک چۆن هەڵوێستیان لێوەردەگرن.
 دوای ئەم قسانە، بەشێک لە ئامادەبووانی هۆڵەکە کاردانەوەیان پیشاندا، جوێنیان دەدا و ئەو کەل وپەلانەی لە بەردەستیان بوو گرتیانە ئەحمەد کایا. رێکخەرانی مەراسیمەکە توانییان ئەحمەد کایا لە دەستی ئامادەبووان رزگار بکەن.
 ساڵی ١٩٩٣ لە شاری بەرلین کۆنسێرتێکی پێشکەش کرد کە لەلایەن کۆمەڵەی بازرگانانی کوردەوە رێکخرابوو و دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی کۆنسێرتەکە لەلایەن رۆژنامەی حورییەتەوە، دادگای ئاسایشی دەوڵەتی ئیستانبووڵ تۆمەتباری کرد بەوەی "هانی دوژمنایەتی و رقی داوە، دەستی لەگەڵ پەکەکە تێکەڵ کردووە و هاوکاری کردوون."
 لەسەر ئەم تۆمەتانە دوو دۆسییەی لەسەر کرایەوە و داوا کرا ١٠ ساڵ و نیو سزا بدرێت . ناچار لە ساڵى ١٩٩٩ تورکیای جێ هێشت و رووی لە ئاوارەیی کرد.
لە ساڵى ٢٠٠٠، سەرقاڵی تۆمارکردن و ئامادەکردنی ئەلبوومی "ماڵ ئاوا چاوەکەم" بوو، کە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری پاریس بە نەخۆشى دڵ کۆچی دوایی کرد.
 گڵکۆی ئەحمەد کایا لە گۆڕستانی پێرلاشێزی شاری پاریس ى فەڕەنسایە.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە