ئەنجامی بەرایی خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا راگەێندرا

پەیامی کورد     ...    ئەنجامی بەرایی خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا راگەێندرا

ئیمانوئێل ماکرۆن، کاندید بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی فەڕەنسا رایگەیاند، پڕۆژەکانی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی بریتی دەبن لە بەهێزکردنی توانای کڕین و پشتیوانی کرێکاران، هەروەها فەڕەنسا وەک بەشێک لە ئەورووپا و بە پارێزەری ئاشتی دەمێنێتەوە.
شەوی ڕابردوو ئەنجامی بەرایی خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا راگەێندرا و بەگوێرەی ئەنجامەکانیش ئیمانوئێل ماکرۆن ٢٨.٨%، مارین لۆپێن ٢٤.٢% و ژۆن مێلونشۆن ٢٠.١٠%ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

ئیمانوئێل ماکرۆن لە پەیامێکدا لەبەردەم ئاهەنگی لایەنگرانی دا باسی لە پڕۆژەی خۆی کرد بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی فەڕەنسا و ووتی، "تاکە پڕۆژەم بەهێزکردنی توانای کڕین و پشتیوانی کرێکاران دەبێت، ئێستاش ساتێکی یەکلایی کەرەوەیە بۆ فەڕەنسییەکان و ناکرێت وەک پێشوو بمێنینەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، "فەڕەنسا لەناو یەکێتی ئەورووپا دەمێنێتەوە و رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبێتەوە، هەروەها فەڕەنسا هەروەکوو پارێزەری ئاشتی دەمێنێتەوە و وەفاداری بەها مرۆییەکان دەبێت".

رۆژی ١٤ی ئەم مانگە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بە فەرمی بڵاودەکرێتەوە و ئەگەر هیچ کام لە کاندیدەکان ٥٠٪ـی دەنگەکان بەدەستنەهێنن، لە ١٥ی ئەم مانگەوە بانگەشە بۆ خولی دووەم دەست پێدەکات کە ٢٤ـی مانگ ئەنجام دەدرێت، هەڵبژاردنەکەش لە گەڕی دووەمدا لەنێوان ئیمانوێل ماکرۆن و مارین لۆپێن دا دەبێت.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە